شۆفێرانى نه‌وتى حه‌سیره‌ ماندەگرن

هەواڵ / کوردستان :: 10/08/2018‌ :: 208‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
شۆفێرانى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى حه‌سیره‌ له‌ گه‌رمیان  به‌هۆى پێنه‌دانى مووچه‌كه‌یان و بڕینى هه‌زار دینار له‌ هه‌ر ته‌نێك نه‌وت، مانگرتینان راگه‌یاند.


ساڵح غه‌فار، یه‌كێك له‌و شۆفێرە مانگرتوانەی حەسیرە، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ماوه‌ى دوو مانگ و نیوه‌ كرێى گواستنه‌وه‌ى نه‌وته‌كه‌مان پێنه‌دراوه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ دوێنێوه‌ مانمان گرتووە و ئاماده‌نین نه‌وت بگوازینه‌وه‌".
 
وتیشى "رۆژانه‌ نزیكه‌ى 100 بۆ 120 تانكه‌رمان گواستووه‌ته‌وه‌ له‌ حه‌سیره‌وه‌ بۆ پاڵاوگه‌كانى نه‌وت له‌ هه‌ولێر و سلێمانى، به‌ڵام ئێستا ئۆتۆمبێله‌كانمان له‌ به‌رده‌م كۆمپانیاكه‌ ڕاگرتووه‌ و كارناكه‌ین".

ئەحەمەد حەمید کە یەکێکی ترە لە مانگرتووەکان، ئاماژە بەوە دەکات، شەوی رابردوو لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە دەستڕێژی گوللەیان لێکراوە و بەهۆیەوە زیانی ماددی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە.

لەو بارەیەوە رامیار عه‌بدولره‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "شۆفێره‌كانى نه‌وتى حه‌سیره‌ له‌ سه‌ر رووداوى ته‌قه‌كردنه‌كه‌ سكاڵایان له‌ پۆلیسى سه‌ره‌قه‌ڵا تۆماركردووه‌ و له‌لایه‌ن دادگاوه‌ فه‌رمانى گرتن بۆ چه‌ند كه‌سێك ده‌ركراوه‌ و په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ كراوه‌ته‌وه‌". 

رونیشیکردەوە "ئه‌و شۆفێرانه‌ كێشه‌ و گرفتى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ماوه‌ى 70 ڕۆژه‌ كرێى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتیان پێنه‌دراوه‌، هه‌روه‌ها بڕى هه‌زار دینار له‌ هه‌ر ته‌نێك نەوت كه‌مكراوه‌ته‌وه‌". 

ئاماژەی بەوەشدا، كاتى خۆى كۆمپانیاکە و وەزارەتی سامانه‌ سه‌روشتییه‌كان ئەو گرێبەستەیان کردووە و وه‌كو ئیداره‌ى سه‌رقه‌ڵا  ئاگادارى نین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتگیرى له‌ شۆفێران دەکەن و له‌ڕێگه‌ى گفتۆگۆوه‌ به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان لە کۆمپانیاکە وه‌رگرتووه‌ ئه‌و هه‌زار دیناره‌ى كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ زیادى بكه‌نه‌وه‌. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure