خانووە بێ تاپۆكانی پێنجوێن تاپۆ دەكرێن

هەواڵ / کوردستان :: 10/08/2018‌ :: 808‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
لەسنووری شارەوانی پێنجوێن و دوای دەركردنی بڕیاری تاپۆكردنی خانووە بێ تاپۆكانی قەزاکە، دەستكراوە بە ئامادەكاری بۆ خستنە بواری جێبەجێكردنی بڕیارەکە، قایمقامی پێنجوێنیش، دەڵێت "ژمارەیەكی زۆر لەدانیشتوانی گەڕەكەكانی پێنجوێن لێی سودمەند دەبن".


لەوبارەیەوە، ئەمیر سۆفی، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند "پاش دەرچوونی بڕیاری تاپۆكردنی خانووە بێ تاپۆكان لەسنوری قەزای پێنجوێن، لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خانووە بێ تاپۆكانی ناو نەخشەی بنەڕەتی سنووری شارەوانی پێنجوێن تاپـۆ دەكرێن و ئەو زەویانەشی كە وەك قەرەبوو درابووە خاوەنەكانیان تاپۆ دەكرێن".

وتیشی "هەر بەپێی بڕیارە نوێییەكە ئەو زەویانەی كە بەتاڵن و لەسنووری شارەوانیدان لەنێوان خانوو و كەلاوەكاندان، بەپێی یاسای 32ی ساڵی 1986مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و داهاتی ئەم بڕیارەش كە وەردەگیرێت لەهاوڵاتیان، بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی سنووری شارەوانی پێنجوێن خەرج دەكرێت".

لایخۆشیەوە، زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن، بۆ دواڕۆژ رونیکردەوە "بڕیارەكە دەرچووە، بەڵام ئەم بڕیارە ئالیەتی جێبەجێكردنی دەوێت و چاوەڕێین وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم، بەزوویی فەرمانێك بۆ لیژنەكانی شارەوانی دەربكات، دواتریش لیژنەی باڵا و لیژنە لاوەكەییەكان كە بۆ بڕیارەكە دروستكراوە، پێویستە دەست بكەن بەكۆكردنەوەی داتا و زانیارییەكان".

ئەوەشی خستەڕوو "ئومێد دەكەین كە  لە كەمتر لە 15 رۆژ بۆ مانگێكی تر كارەكان بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوەە".

ئاماژەی بەوەشدا، بەجێبەجێكرنی بڕیارەكە ژمارەیەكی زۆر لەدانیشتوانی گەڕەكەكانی ناو قەزاكە سودمەند دەبن، بەمەرجێك خانووەكانیان لەگەڵ نەخشەی شارەوانی جیاواز نەبێت.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure