چوار كه‌س بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ركابه‌رى ده‌كه‌ن

هەواڵ / عێراق :: 10/08/2018‌ :: 1579‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ
رۆژنامه‌ى (العرب)ى له‌ندنى ئه‌مڕۆ هه‌ينى له‌ راپۆرتێكدا ئاشكرایکرد، چوار كه‌سايه‌تى سوننى بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ركابه‌رى يه‌كتر ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ى باسى سه‌ليم جبورى سه‌رۆكى پێشووى په‌رله‌مان بكات.


رۆژنامه‌كه‌ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌يه‌كى سياسييه‌وه‌ رياگه‌ياندووه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى چاويان له‌ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئاينده‌يه‌، هه‌ريه‌كه‌له‌ خاليد عوبێدى وه‌زيرى به‌رگرى پێشووى عێراق، له‌ ليستى نه‌سر، كه‌ ئيستا حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكايه‌تى ده‌كات، هه‌روه‌ها محه‌مه‌د رێكان حه‌له‌بووسى پارێزگارى ئێستا ئه‌نبار، كانديدى براوه‌ له‌سه‌ر ليستى ئيئتلافى عێراق، له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د جبورى پارێزگارى سه‌ڵاحه‌دين، كانديدى براوه‌ى ليستى سه‌ڵاحه‌دين هه‌وييه‌تونا، كه‌سايه‌تى چواره‌ميش، ئوسامه‌ نوجێفى جێگرى سه‌ركۆمار و سه‌رۆكى پێشووترى په‌رله‌مان-ه‌.

سه‌رچاوه‌كان به‌ رۆژنامه‌ى (العرب)يان وتووه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ ركابه‌رايه‌تى وه‌رگرتى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ى كه‌سيان خاڵى به‌هێز و جياكه‌ره‌وه‌ى هه‌بێت، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌به‌ر نه‌بوونى ديدگايه‌كى رۆشن.

رۆژنامه‌كه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات، لايه‌نه‌ سوننييه‌كانى عێراق، دواى ئه‌وه‌ى كۆمسيۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامى ده‌ستبژێريى ده‌نگه‌كانى راگه‌ياند، له‌ ئێستادا له‌ بارودۆخێكدان، وه‌ك بارودۆخى ئاماده‌باشى سه‌ربازييه‌، ماوه‌يه‌كه‌ ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غدا دانوستان و گفتوگۆى گه‌رم به‌ڕێوه‌ده‌بات.

سه‌رچاوه‌كان به‌ رۆژنامه‌كه‌يان وتووه‌، ئه‌گه‌ر حه‌يده‌ر عه‌بادى پۆستى سه‌رۆك وه‌زيران وه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا ليسته‌كه‌ى خاليد عوبێدى بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كانديد ده‌كات، كه‌ له‌ رووى ژماره‌ى ده‌نگه‌وه‌ دووه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق دواى نورى مالكى، ئه‌وه‌ش وايكردووه‌ عوبێدى له‌ناو هێزه‌ شعييه‌كانيشدا پاڵپشتى گه‌وره‌ى هه‌بێت.

رۆژنامه‌كه‌ باس له‌ ركابه‌رێكى ترى سه‌خت ده‌كات، كه‌ ئه‌ويش محه‌مه‌د حه‌له‌بووسى پارێزگارى ئێستاى ئه‌نباره‌، هه‌ميشه‌ چاوى له‌ پۆستى گه‌وره‌ و باڵايه‌، ته‌نها له‌ سنورى بازنه‌ى هه‌ڵبژاردنى پارێزگاكه‌يدا 40 هه‌زار ده‌نگى هێناوه‌، هاوكات په‌يوه‌ندييه‌كى به‌هێزيشى هه‌يه‌ له‌گه‌ڵ خێزانى (كرابلة)ى ئه‌نبار، كه‌ پله‌ و پايه‌ى به‌هێزيان هه‌يه‌ و كه‌سايه‌تييه‌كى وه‌ك جه‌مال كه‌ربولى بزنسمان پاڵپشتيان لێده‌كات، هه‌روه‌ك حه‌له‌بووسى پشت به‌ كه‌ربوولييه‌كان ده‌به‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌ وه‌رگرێت.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure