جێگری سەرۆکی حکومەت بڕیاری جێبه‌جێكردنى ژمارەیەک پرۆژە بۆ سەیدسادق دەردەکات

هەواڵ / کوردستان :: 10/08/2018‌ :: 387‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
ئه‌مڕۆ هه‌ینى١٠ی ئاب، قایمقامى قه‌زاى سه‌یدسادق  ئاشكرایكرد، له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هەرێم كۆبووه‌ته‌وه‌ و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت-یش بڕیاریداوه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى چه‌ندین پرۆژه‌ى گرنگ و پێویست بۆ قه‌زاكه‌ و خه‌رجكردنى 120 ملیۆن دیناریش بۆ ته‌واكردنى پرۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان.


دیارى ره‌فیق، قایمقامى قه‌زاى سه‌یدسادق به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "به‌مه‌به‌ستى خستنه‌ڕووى داواكارى هاوڵاتیانى قه‌زاى سه‌یدسادق و جێبه‌جێكردنى چه‌ند پرۆژه‌یه‌كى خزمه‌تگوزارى و هاوكات دابینكردنى بودجه‌ بۆ ته‌واكردنى پرۆژه‌ ته‌واو نه‌كراوه‌كان له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت كۆبووینه‌وه‌ و تاڵه‌بانیش چه‌ند بڕیارێكى له‌به‌رژه‌وه‌ندى قه‌زاى سه‌یدسادق ده‌ركرد".
 
وتیشی "قوباد تاڵه‌بانى پشتیوانی خۆی بۆخزمه‌تی زیاتری خه‌ڵكى سه‌یدسادق دوپاتكردەوه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بڕیاریدا به‌ خه‌رجكردنی بـــڕی (120) ملیۆن دینار بۆ ته‌واوكردنی پرۆژه‌كانى ئاوه‌ڕۆى ناو قه‌زای سه‌یدسادق، هاوكات بڕیاریدا به‌ دابینكردنى شۆفڵێک بۆ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى سه‌یدسادق و له‌گه‌ڵیشدا بڕیاریدا به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى شه‌قامى دووسایدى گه‌ره‌كى شێخان".

قایمقامى قه‌زاى سه‌یدسادق ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیاریدا به‌شى یاساى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕابسپێرێت په‌له‌بكه‌ن بۆ ناردنى بڕیارى تۆماركردنى خانووه‌ بێ تاپۆكانى سنورى قه‌زاى سه‌یدسادق به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كێشه‌ى نه‌خشه‌یان نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ڵێنى پێداون كه‌ له‌ داهاتوودا گرنگى زیاتر به‌ قه‌زاى سه‌یدسادق بدرێت و چه‌ندین پرۆژه‌ى گرنگ و پێویست بۆ قه‌زاى سه‌یدسادق بخاته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure