"ئه‌مساڵ خوێندنى باڵا له‌هه‌رێم ناكرێته‌وه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 10/08/2018‌ :: 1724‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌هۆى زۆرى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ بڕوانامه‌ى توانستى زمانى ئینگلیزیان نییه‌، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى هه‌رێم ئه‌مساڵ خوێندنى باڵا (ماسته‌ر و دكتۆرا) له‌ زانكۆكان ناكاته‌وه‌.


نه‌ژده‌ت ئاكره‌یى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى پلاندانان له‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ژماره‌یه‌كى زۆر له‌وانه‌ى كه‌ ساڵێكه‌ خوێندنى باڵا (ماسته‌ر و دكتۆرا)یان ته‌واوكردووه‌، نه‌یانتوانییوه‌ بڕوانامه‌ى توانستى زمانى ئینلگیزى بێنن، لەبەر ئەوە ئه‌مساڵ كورسى خوێندنى باڵا له‌ زانكۆكانى هه‌رێم نەكرێته‌وه‌".

ماوه‌ى سێ ساڵه‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا، مه‌رجى توانستى زمانى ئینگلیزى كه‌ بۆ به‌شه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان 5ى ئای ئێڵ ئێس و بۆ به‌شه‌كانى تر 6ى نمره‌ى ئای ئێڵ ئێس-ى داناوه‌، هه‌رخوێندكارێك نه‌توانێت ئه‌و نمره‌یه‌ بێنێت، ئه‌وا نازناوى زانستى پێنادرێت كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ هه‌زار و 500 خوێندكاره‌، بۆیه‌ تاوه‌كو كێشه‌ى ئه‌و خوێندكارانه‌ش چارسه‌رنه‌كرێت، كورسى خوێندنى باڵا ناكرێته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى ئه‌وانه‌ى ئه‌و نمرانه‌یان نه‌هێناوه‌، به‌شێك له‌زانكۆكان پێشنیاریان بۆ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا كردووه‌، ئه‌مساڵ كورسى خوێندنى باڵا نه‌كرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى زانكۆكان میلاكیان له‌ زۆربه‌ى پسپۆڕییه‌كانیان هه‌یه‌ و داوایانكردووه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ خوێندنى باڵا وه‌رده‌گیرێن، دواى ته‌واوكردنى خوێندنیان بۆ وه‌زاره‌ته‌كانى تر بگوازرێنه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure