"ئاسایشی هه‌ولێر 150 كه‌س ده‌ستگیر ده‌كات"

هەواڵ / کوردستان :: 10/08/2018‌ :: 1775‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی  
به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ دوو مانگدا هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس 150، تۆمه‌تباری جۆراوجۆریان ده‌ستگیركردووه‌ و ده‌ستیشیان به‌سه‌ر 200 ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و پارچه‌ چه‌ك-دا گرتووه‌. 
 

دکتۆر تاریق نوری، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "دوای ئه‌وه‌ی له‌ جه‌ژنی ره‌مه‌زانی رابردوودا چه‌ند حاڵه‌تێكی كوشتن له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر روویاندا، وه‌زاره‌تی ناوخۆ بڕیاریدا هه‌ركه‌سێك چه‌كی نایاسایی هه‌ڵگرتووه‌ ده‌بێت چه‌كه‌كه‌ی لێ وه‌رگیرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ دیارده‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌ك زۆر زیادی كردبوو". 

وتیشی "له‌ 19ی حوزه‌یران ژوورێكی عه‌مه‌لیات به‌هاوبه‌شی له‌ نێوان هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس پێكهێندرا بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ نایاسایی چه‌ك هه‌ڵده‌گرن و شه‌وانه‌ خه‌ڵك نیگه‌ران ده‌كه‌ن و له‌ قورمارخانه‌ی نایاسایی كێشه‌ دروست ده‌كه‌ن. به‌شێك له‌وجۆره‌ كه‌سانه‌ خۆیان به‌ بێ منه‌ت له‌ حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌زان، بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ تاوه‌كو ئێستا 150 تۆمه‌تباری جۆراوجۆر و ئه‌و كه‌سانه‌شی چه‌كی بێ مۆڵه‌تیان هه‌ڵگرتبوو ده‌ستگیركراون، له‌گه‌ڵ 200 ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و په‌رچه‌ چه‌كی تر كه‌ سه‌رجه‌میان نایاسایی بوون". 

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر روونیشیكرده‌وه‌، سه‌رجه‌م ئەو کەسانەی بە تۆمەتی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و تۆمەتی جیاواز دەستگیر کراون دراونه‌ته‌ دادگا و به‌ نوسراوی فه‌رمیش به‌ دادگایان وتووه‌ نابێت ئەو تۆمەتبارانە لە کاتی ساغبوونەوەی تۆمەتەکانیان ئازاد بکرێن، چونکە زۆربەی دەستگیراوان پێشتر چه‌ند جارێكی تر دەستگیر کراون، به‌ڵام به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد كراون. 

له‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌ ده‌وترێت هه‌ندێك خه‌ڵك به‌ زۆر پاره‌یان له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرت دکتۆر تاریق نوری ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "راسته‌ پێشتر خەڵکێک ھەبوون وەک عەسابە باجیان لە خاوەن کافتریاکان وه‌رده‌گرت له‌شێوه‌ى چەند گرووپێکدا، ھەموویشیان دەستگیرکراون و ئێستا لە زیندان دان".

سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێشتر خه‌ڵكیان كشتووه‌ و تا ئێستا ده‌ستگیر نه‌كراون تاریق نووری ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ ماوه‌كانی رابردوو چه‌ند تاوانێكی كوشتن له‌ هه‌ولێر روویانداوه‌، بكوژه‌كان له‌ شەقامەکان دەسوڕانه‌وه‌، به‌ڵام له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی بۆ ده‌ستگیر كردنی تاوانباران ده‌ستی پێكردووه‌ زۆربه‌ی ئه‌و بكوژانه‌ ده‌ستگیر كراون.  پێنجشه‌ممه‌ش 9ى ئاب، دوو بكوژ ده‌ستگیر كران، له‌هه‌مانكاتدا ئاسایش به‌ دوای ئه‌و كه‌سنه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشتر تەقەیان کردووە، چونكه‌ ھەرکەسێک رۆژێک لە رۆژان تەقەی کردبێت دەستگیری دەکرێت.

به‌ وته‌ى به‌رپرسى ئاسایشى هه‌ولێر، هه‌ر له‌وماوه‌یه‌دا شه‌ش قومارخانه‌ له‌ هه‌ولێر داخراون، رێگه‌ش به‌ كه‌س نادرێت قومارخانه‌ بكاته‌وه‌ و خاوه‌نی هه‌ر شه‌ش قومارخانه‌كه‌ش ده‌ستگیر كراون.  



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure