دايكێك و 3 كچى كورد له‌گه‌ڵ دایكێك و 3 كچی عه‌ره‌بى نابینا له‌ ده‌ریاى ئیجه‌دا خنكان

هەواڵ / کوردستان :: 09/08/2018‌ :: 8108‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
له‌ ده‌ریاى ئیجه‌ى توركیا له‌كاتى په‌ڕینه‌وه‌یان بۆ یۆنان، به‌هۆى وه‌رگه‌ڕانى یه‌خته‌كه‌یانه‌وه‌، دایكێك و سێ كچى كوردى دانیشتووى خورماتوو خنكاون و باوك و كوڕێكى خێزانه‌كه‌ش ڕزگاریان بووه‌. 

شه‌مال ره‌عد، دانیشیتووى خورماتوو به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ برایه‌كم به‌ناوى "هونه‌ر ره‌عد ئه‌كبه‌ر" له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و سێ كچ و كوڕێكى له‌ده‌ریاى ئیجه‌وه‌ به‌ ڕێكه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌نه‌ یۆنان له‌وێشه‌وه‌ بۆ وڵاتانى دیكه‌ى ئه‌وروپا". 

وتیشى "به‌هۆى وه‌رگه‌ڕانى یه‌خته‌كه‌یانه‌وه‌ هاوسه‌رى براكه‌م به‌ناوى "(شه‌یما عه‌زیز)ى ته‌مه‌ن 34 ساڵ له‌گه‌ڵ سێ كچى به‌ ناوه‌كانى (نه‌غه‌م) ته‌مه‌ن 10 ساڵ، (فه‌ره‌ح) ته‌مه‌ن 8 ساڵ و (ده‌لال) ته‌مه‌ن 6 ساڵ خنكاون، خۆى و كوڕه‌كه‌ى به‌ناوى "محه‌ممه‌د" كه‌ ته‌مه‌نى چوار ساڵه‌ له‌گه‌ڵ شۆفێرى یه‌خته‌كه‌ ڕزگاریان بووه‌". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ برازا و ژنى براكه‌م، گه‌نجێكى دیكه‌ و خێزانێكى خه‌ڵكى پارێزگاى به‌سره‌ كه‌ له‌ دایكێك و سێ كچ پێكهاتوون خنكاون و هه‌ر  سێ كچه‌كه‌ش نابینا بوون.  

به‌ وته‌ى مامى ئه‌و قوربانییانه‌، هونه‌ر ره‌عد ئه‌كبه‌ر له‌ خورماتوو دوكاندار بووه‌ و وه‌كو خێزانه‌ كورده‌كانى دیكه‌ى خورماتوو له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ر، ئاواره‌ى ناوچه‌ى گه‌رمیان بووه‌، دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ خورماتوو و له‌ به‌ر خراپیى بارودۆخى ناوچه‌كه‌ بڕیاریداوه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانى بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ وڵاتانى ئه‌وروپا.

رونیشیكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ هونه‌رى برام قسه‌م كردووه‌، ئێستا لاى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى توركیایه‌ و ته‌رمى خنكاوه‌كانیش دۆزراونه‌ته‌وه‌ و داواكارن له‌ ڕێگه‌ى كونسڵخانه‌ى توركیا و عێراق و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ كوردییه‌كان له‌ توركیا ئاسانكارییان بۆ بكرێت، به‌ڵكو بتوانن ته‌رمه‌كان بگه‌ڕێننه‌وه‌. 

باسى له‌وه‌شكرد، براكه‌م له‌ توركیا سكاڵاى له‌سه‌ر قاچاخچیه‌كان تۆماركردووه‌، چونكه‌ به‌ زۆر ناچاریان كردوون له‌گه‌ڵ ئه‌و یه‌خته‌ سه‌ربكه‌ون، له‌ ئێستا پۆلسى توركیا له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دان بۆ ده‌ستگیركردنى ئه‌و قاچاخچیانه‌. 

هاوكات ئارى جه‌لال، سه‌رپه‌رشتیارى گشتى فیدراسیۆنى په‌نابه‌رانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئاگادارى رووداوێكى له‌وشێوه‌یه‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ده‌ریاى ئیجه‌دا روویداوه‌ و چه‌ند كه‌سێك خنكاون، به‌ڵام هیچ ورده‌كارییه‌كمان لا نییه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى بوونه‌ته‌ قوربانى كورد بن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure