وێنە: 7 ساڵه‌ منداڵێك له‌دهۆك به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌كى ده‌گه‌مه‌نەوه‌ ده‌ناڵێنێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/08/2018‌ :: 15706‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی
ماوەی حەوت ساڵە منداڵێک لە سنووری قەزای زاخۆ، بەدەست نەخۆشییەکی دەگمەنەوە دەناڵێنێت، پزیشكێك-یش دەڵێت "تا ئێستا چارەسەری بنەڕەتیی بۆ ئەو جۆره‌ نەخوشییە نەدۆزراوەتەوە".


منداڵه‌كه‌ ته‌مه‌نى حه‌وت ساڵه‌ و ناوى ئه‌یمه‌ن خه‌لیل-ه‌، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى دێره‌بوونى سه‌ر به‌ ناحییه‌ى رزگارى له‌ زاخۆ نیشته‌جێیه‌، دووچارى نه‌خۆشى (الفقا‌ع الولادی) یان (congenital pemphigus) بووه‌ كه‌ نه‌خۆشییه‌كى ده‌گمه‌نه‌.

خەلیل حەجی، باوکی ئه‌و منداڵه‌ له‌باره‌ى نه‌خۆشى كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ بە دواڕۆژی راگەیاند "خێزانەکەمان لە شەش کەس پێكهاتووه‌، کوڕە حەوت ساڵانەکەم كه‌ ناوى ئه‌یمه‌ن-ه‌ بە نەخوشییەکی دەگمەنەوە ده‌ناڵێنێت، پزیشکە تایبەتمەندەکانی ئەو جۆرە نەخۆشییەش بێھیوایانکردووین لە چارەسەرکردنی". 

وتیشی "پێش ھاتنی چەکدارانی داعش بۆ شەنگال و دەوروبەری، كوڕه‌كه‌م بۆ چارەسەر برده‌ موسڵ دواتریش سلێمانی کە ھاتینه‌ دھۆک-یش هه‌ر سەردانی پزیشکمان کردووە، بەڵام هیچ چارەسەری نییە".

بەوتەی باوكی منداڵە نەخوشەکە، کوڕەکەى حەوت ساڵه‌ دووچارى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بووه‌ و ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، پێشتر مووچەیەكى 90 هه‌زار دیناریم لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی خێران ھەبوو، بەڵام ماوەیەکی زۆرە ئەویش بڕاوە، تا ئێستاش ھاوکارییەکی پێویست لەلای ھیچ کەس و رێکخراوێکه‌وه‌ بۆ کوڕەکەم نەکراوە بۆ ئەوەی بتوانم بیبه‌مە دەرەوەی وڵات.

هاوكات کامل رەشید، پزیشكى پسپۆڕى نەخوشییەکانی پێست لە دهۆک، بە دواڕۆژی راگەیاند "ئەو نەخۆشییە کەمە و له‌ 150 هه‌زار كه‌سدا ته‌نیا یه‌ك كه‌س توشى ده‌بێت".

ئه‌و پزیشكه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "تا ئێستا چەند حاڵەتێکمان بینیوە له‌و نه‌خۆشییه‌، بەڵام هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم جۆرە نەخوشییە نەدۆزراوەتەوە". 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure