كوژراوێكی رواندز پێش گیان لەدەستدانی بكەرانی ڕووداوەكەی بۆ پۆلیس ئاشكراكردووە

هەواڵ / کوردستان :: 10/08/2018‌ :: 37617‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 
پۆلیسی رواندز زانیاری نوێ لەبارەی وردەكاری شەڕەكەی شەوی رابردوو و چۆنیەتی هەڵگیرسانی شەڕەكە ئاشكرا دەكات و باس لەوە دەكات كە كوژراوی یەكەم پێش گیان لەدەستدانی ناوی ئەو كەسانەی ئاشكرا كردووە كە تەقەیان لێكردووە. 

 

سەعدون نەبی وتەبێژی پۆلیسی سۆران بۆ دواڕۆژ وردەكاری شەڕەكەی دوێنێی سنوری قەزای رواندزی ئاشكرا كردو وتی "كاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە پۆلیسی رواندز ئاگاداركراونەتەوە بە بوونی بریندارێك بەناوی (ن.ش.ق) تەمەن 37ساڵ، دوای گەیشتنی تیمی پۆلیس بۆ نەخۆشخانە ئەو كەسە پێش گیان لەدەستدانی ناوی ئەو كەسانەی ئاشكرا كردووە كە تەقەیان لێكردووە". 

باسی لەوەشكرد كە "دواتر پۆلیس و ئاسایش چوونە شوێنی رووداو بەمەبەستی تەشەنە نەكردنی كێشەكە، سەرەتا بارودۆخەكە كەمێك كۆنتڕۆلكرا، بەڵام بەهۆی جوگرافیا و سەختیی شوێنەكە، جارێكی دیكە كێشەكە تەشەنەی سەندو ڕووداوەكە كوژراو و برینداری زیاتری لێكەوتەوە". 

 

لەبارەی هۆكاری سەرهەڵدانی كێشەكەش وتەبێژی پۆلیسی سۆران وتی "چەند ساڵێك پێش ئێستا ئەو دوو بنەماڵەیە بەهۆی كێشەیەكەوە لە گوندەكەیان بەشەڕ هاتبوون ئەمڕۆش جارێكی دیكە بە چەك ڕووبەرووی یەك وەستانەوە". 

 

ئاماژەی بەوەدا كە دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوەو دادوەر فەرمانی گرتنی بۆ (ح.ع) كوڕەكانی بەناوی (ب.ح) (ك.ح) دەركردووە، پێشتریش دادوەر فەرمانی گرتنی بۆ یەكێك لە كوژراوەكانی رۆژی پێنجشەممە دەركردبوو، بەڵام بەهۆی دیار نەبوونی شوێنەكەی پۆلیس نەیتوانیبوو دەسگیری بكات. 

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ لەشەڕی هەردوو بنەماڵەدا ژمارەی كوژراو و بریندارەكان گەیشتۆتە پێنج كەس. 

لەبارەی قوربانیانی ڕووداوەكەش وتەبێژی پۆلیسی سۆران باس لەوەدەكات كە تا ئێستا بەفەرمی دوو كوژراو لە ڕاپۆرتی پۆلیس تۆماركراوە. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure