نوێترین كتێب دەربارەی کۆنترین شوێنه‌وار

هەواڵ / که‌لتور :: 10/08/2018‌ :: 337‌ جار بینراوە

تاگ :: کەلتور

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف
کتێبی (چه‌رموو کۆنترین گوندی کشتوکاڵی و نیشته‌جێبوون)، نوێترین کتێبی نێوکتێبخانه‌ی کوردییه‌ که ‌چاپکراوه‌. بە وتەی یەكێك لە دوو ئامادەكارەكەی "ئەم کتێبە یەکەمین و تاکە سەرچاوەی چاپکراوە لەبارەی شوێنەواری دێرینی چەرموو".


پێشه‌وا شێخ ره‌ئوف كە یه‌کێکە له‌ ئاماده‌کارانی کتێبه‌که،‌ به‌ دواڕۆژی وت "ئه‌م کتێبه‌ سەرەتا کارێکی رۆژنامەوانی بوو لە چوارچێوەی پاشکۆیەک لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ لە 20/5/2013 بڵاوکرایەوە. ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتییە لە وتار وتوێژینەوە وچاوپێکەوتنی ژمارەیەک دکتۆر و مامۆستا و شارەزایانی شوێنەوارو مێژوو، سەبارەت بە مێژووی دێرینی گوندی چەرموو و گرنگی و بایەخی ئەو شوێنەوارە لەڕووی زانستی شوێنەوار و ئابوری و مێژووییەوە".

پێشه‌وا دەڵێت "زیاتر لە 130 وێنەی شوێنەوارەکە لەکتێبەکەدا خراونەتەڕوو کە ساڵانی 1948-1955 لە کاتی کنەوپشکنینی شوێنەوارەکەدا گیراون و120 وێنەیان بۆ یەکەمجارە لە سەرچاوەیەکی کوردیدا بڵاودەکرێنەوە، واتا ئەرشیفێکی گرنگی وێنەیی لەبارەی شوێنەوارەکەوە بڵاودەکرێتەوە کە بۆیەکەمینجارە دەبینرێت".
به‌ وته‌ی پێشه‌وا "ئەم کتێبە یەکەمین و تاکە سەرچاوەی چاپکراوە لەبارەی شوێنەواری دێرینی چەرموو کە تاکو ئێستا بۆچوونی شارەزایان وایە یەکەمین گوندی کشتوکاڵی و نیشتەجێبوونە لەسەر ئاستی جیهان. بڕیاریشە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەلایەن زانکۆی چەرموو وەربگێڕدرێتە سەر زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی".

کتێبی (چه‌رموو کۆنترین گوندی کشتوکاڵی و نیشته‌جێبوون)  لەلایەن پێشەوا شێخ ڕەئووف و هاوڕێ لەتیف ئامادەکراوە و لەلایەن هاووڵاتییەکی چەمچەماڵ-ەوە بەناوی حاتەم خاڵدانی سپۆنسەر و چاپکراوە.






  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure