نازم دەباغ: دروستبوونی هەر نائارامییەك لە ئێران رەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 09/08/2018‌ :: 698‌ جار بینراوە
نازم دەباغ

دواڕۆژ، سامان قوبادی
نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران، لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا، پلانی تاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆكەی ئەمریكا، رووندەكاتەوە و پێیوایە "تەمەنی گەمارۆكەی ئەمریكا بۆ سەر ئێران كورتخایەنە".


 دواڕۆژ: دوای سەپاندنی گەمارۆكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا دۆخی سیاسی و ئابوری ئەو وڵاتە چۆنە و بەكوێ دەگات؟
نازم دەباغ:
گەمارۆ ئابورییەكانی ئەمریكا كاردانەوەیەكی خراپی دەبێت لەسەر ژیانی ئابوری و كۆمەڵایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام بەدرێژایی مێژوو كە گەمارۆ خراوەتە سەر ئەم وڵاتە، رۆحیەت و هەستی خەڵكەكەی وایكردووە بەرگە بگرن. هەرچەندە لەئێستادا بەشێك لە شەقامی ئێران ناڕازین، بەڵام پێشبینی دەكەم تەمەنی گەمارۆكەی ئەمریكا كورتخایەن بێت، بەوپێیەی تەنیا لەلایەن ئەو وڵاتەوە سەپێنراوە و هەندێك دەوڵەتی ئەوروپا دڵنیاییانداوە لە پابەندبوونیان بە رێككەوتنی 5+1 و داوایان لە كۆمپانیاكانی خۆیان كرد بەردەوامبن لە كارەكانیان لەگەڵ ئێران و یەكێتی ئەوروپایش پشتیوانیان لێدەكات، بۆیە كاردانەوەكان لە گەمارۆكەی پێشتر كەمتر دەبێت. لە یەكەم رۆژی بڕیارەكەوە بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی ئێران دابەزینی بەخۆوە بینی، لەبەرامبەردا نرخی تمەن كەمێك بەرز بوەوە، ئێران پلانێكی داناوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گەمارۆكەی ئەمریكا.

دواڕۆژ: كەواتە وردەكاریی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆكە لەلایەن ئێرانەوە بە چ شێوەیەكە؟
نازم دەباغ:
كۆماری ئیسلامی ئێران بەرنامەیەكی هەیە بەناوی ئابوری بەرهەڵستكاری، بۆ ئەوەی بەرامبەر گەمارۆكە بوەستنەوە. جگەلەوە پێشتر هیچ كەسێك بۆی نەبوو زیاتر لە 5 هەزار دۆلار یان بە بەهای ئەو پارەیە زێر بباتە ئێران-ەوە، ئێستا هێنان و مامەڵەپێوەكردنی ئازادكراوە. لەڕێگەی سەراف-ەكانەوە و بەپێی یاسا و نرخ، خواست و خستنەڕووی دۆلار دەكرێت.

دواڕۆژ: پێتوایە بەو هەنگاوانەی دەینێت ئێران تاكەی دەتوانێت بەرگەی گەمارۆكە بگرێت؟
نازم دەباغ:
ناتوانرێت ماوەیەك بۆ بەرگریكردن دابنرێت، لەكاتی شەڕی ئێران و عێراق لە ئیمام خومەینی-یان پرسی: ماوەی چەند دەتوانین بەرگە بگرین؟ ئەویش پرسی: ئەگەر تەنیا شەكر و چا و نان-مان هەبێت دەتوانین بۆ چەند بەرگەی شەڕ بگرین؟ لەوەڵامدا وەزیری دەرەوە وتی: ماوەیەكی زۆر. بۆیە بەدرێژایی حوكم كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەم شێوە گەمارۆیانە راهاتووە، بەهۆی ئەوەی توانیویەتی خۆی بژێنێت، دەتوانێت زیاتر لە گەمارۆكەی پێشتر بەرگە بگرێت. ئەوكاتە زۆربەی وڵاتانی جیهان گەمارۆیان خستبووە سەر ئێران، ئێستا تەنیا ئەمریكا خۆیەتی.

دواڕۆژ: جگە لە بواری ئابوری، ئەو رێكارانە چین كە ئێران لە رووی سیاسییەوە دەیەوێت بیگرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گەمارۆكە؟
نازم دەباغ:
یەكەم، ئامادەی پابەندبوونە بە رێككەوتنی 5+1 ئەویش بە رێزگرتن لە مافەكانی لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە و زۆر لایەن دەگرێتەوە. هەنگاوی دووەم، رێگای گفتوگۆی بێ مەرجی رەتنەكردووەتەوە، درەنگ یان زووبێت لە ئاستی بەرپرسانی باڵادا دانیشت لە نێوان ئێران و ئەمریكا ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەری كێشەكان.

دواڕۆژ: سەرچاوەكان باس لە خراپیی دۆخی ئابوری ئێران و درێژە كێشانی بۆ ناڕەزایەتی و جووڵاندنی شەقام دەكەن، ئایا ئەگەری ئەمە لە ئارادایە؟
نازم دەباغ:
ئەوانەی خۆیان بە دوژمنی ئێران دەزانن پێشبینی ئەمە دەكەن، ئەگەرنا بە ئاسانی ناگاتە ئەو قۆناغە، ناڕەزایەتی هەیە لە ئێراندا بەڵام بگاتە راپەڕین و هۆكارێك بۆ رووخاندنی رژێمەكە، دوورە لە راستییەوە، تەنانەت ئەمریكا دەڵێت، مەبەستیان رووخاندن یان گۆڕینی رژێم نییە، بەڵكو رێككەوتنە لەسەر چەند بنەمایەك.

دواڕۆژ: لەحاڵەتی فشاری ئەمریكا بۆ سەر وڵاتان و كشاندنەوەی نوێنەرایەتی و كونسڵیەتیان لە ئێران، ئایا هەرێمی كوردستان نوێنەری خۆی لە تاران دەكشێنێتەوە؟
نازم دەباغ:
تائێستا هیچ وڵاتێك نوێنەری خۆی نەكشاندوەتەوە، حكومەتی هەرێم نابێت كوڕی خۆی بكات بە قوربانی كچی خەڵك، جگەلەوە جوگرافیایەكی هەستیاری هەیە لەگەڵ ئێران، لە دوای ریفراندۆیم-یش دەركەوت پەیوەندیی كۆماری ئیسلامی بۆ هەرێم گرنگە، ناكرێت خۆمان بخەینە ناو یارییەك كە ئاییندەیەكی روونی نییە، پێویستە هەرێم لەچوارچێوەی دەستوری عێراق و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران رەچاوی زۆر شت بكات، تائێستا هیچ ئەگەر و بڕیارێك نییە بۆ كشاندنەوەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە تاران.

دواڕۆژ: كەواتە ئەو گۆڕانكارییانە كامانەن كە بەسەر پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەكانی هەرێم و ئێراندا دێت پاش سەپاندنی گەمارۆكە؟ 
نازم دەباغ:
پەیوەندییەكانی هەردوولا گۆڕانێكی ئەوتۆ بەخۆوەنابینن كە ببێتە هۆی تێكچوونیان، بەڵكو حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەدایە كێشەكان چارەسەر بن و لایەنداریی هیچ لایەك نەكات.

دواڕۆژ: دەوترێت ئەمریكا فشاری خستووەتە سەر هەرێم تا پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەكانی لەگەڵ ئێران سنووردار بكات، ئایا هەرێم دەچێتە ژێر باری ئەمە؟
نازم دەباغ:
ئەزموونی پێشترمان هەیە كە هەموو دنیا گەمارۆی خستبووە سەر ئێران،  بەڵام هەرێم لەبواری سیاسی و ئابوری و ئەمنییەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاران-دا پاراستبوو، لەئێستاشدا ناگاتە ئەو ئاستەی رابگیرێن، چونكە بابەتەكە ژیان و ئاییندەیە، نابێت هەرێم لایەنداری بكات.

دواڕۆژ: لەم گەمارۆ ئابورییەدا گرنگی هەرێم بۆ ئێران چییە؟
نازم دەباغ:
هەرێم پردێكە بۆ ئێران بۆ هەموو ئاڵوگۆڕێكی بازرگانی لەم ناوچەیە لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا. 

دواڕۆژ: دەمەوێت باس لەو زیانانە بكەیت كە بەهۆی پچڕانی پەیوەندییە بازرگانییەكان لەگەڵ ئێراندا بەر هەرێم دەكەوێت؟ هاوكات كاریگەرییە خراپەكانی روودانی هەر گۆڕانكارییەك لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا لەسەر هەرێم چی دەبن؟
نازم دەباغ:
هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی تایبەتدایە، پێویستی بە راگرتنی هاوسەنگی هەیە لەنێوان ئەو سیاسەتانەی لە ناوچەكەدا دەكرێن، نابێت بكەوێتە داوی ئەو یاریانەی بەرژەوەندیی تایبەتی تێدایە. جگەلەوە ئێران و روسیا و چین و بەشێك لە ئەوروپا هاوپەیمانین و پارێزگاری لە رێككەوتنامەی 5+1 دەكەن. دروستبوونی هەر نائارامییەكی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لە ئێران، بەهۆی ئەو جوگرافیایەی هەمانە لەگەڵیدا و بەپێی رووداوەكان رەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر هەرێم، دەبێت بزانین ئایا دراوسێكانمان دۆستی هەمیشەین یان ئەوانەی هەزاران كیلۆمەتریان بڕیوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان. لە رابردوویشدا ئینگلیز و ئەمریكا هاتوونەتە ناوچەكە و بەجێیان هێشتووین، دەبێت حكومەتی هەرێم بێلایەن بێت و خۆی بژێنێت، بەمەش پارێزگاری لەخۆی دەكات بەرامبەر هەر گۆڕانكارییەك بەتایبەت ئەگەر لە ئێراندا رووبدات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure