واشنتۆن داوا لە هاوپەیمانەكانی دەكات پشتگیری بكەن لە سزاكانی بۆسەر ئێران

هەواڵ / جیهان :: 09/08/2018‌ :: 178‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
ڕابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی ڕایگەیاند، پێویست ناكات ئێرانییەكان نیگەران بن بە هۆی ئەو سزایانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خستوویەتییە سەر وڵاتەكەی و لە ڕێگەی پێگە ئەلكترۆنییەكەیەوە دەڵێت "لەبارەی ئەم دۆخەمانەوە هەرگیز نیگەران مەبن، كەس ناتوانێت هیچ بكات و هیچ گومانێك لەوەدا نییە" و ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوای لە هاوپەیمانەكانی كردووە پشتگیری بكەن لە ڕێگرتن لە كپكردنی گەلی ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە.

 
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوای لە هاوپەیمانەكانی كردووە پشتگیری بكەن لە ڕێگرتن لە كپكردنی گەلی ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە و بڵاوكردنەوەی تیرۆر لە جیهاندا لەلایەن حكومەتی ئێرانییەوە و بەرلینیش هۆشداری داوە لە لێكەوتەكانی هەوڵی گۆڕینی سیستەمەكەی.

مارك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە ڕێگەی هەژماری فەرمییەوە لە تویتەر داوای لە هاوپەیمانەكانیان كردووە، ڕابەرانی ئێران بێبەش بكەن لەو سامانەی  كە لە كپكردنەوەی گەل و بڵاوكردنەوەی تیرۆردا بەكاری دەهێنن.

جیوسیبی كونتی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیاش لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە كە وڵاتەكەی دەیەوێت هەڵوێستیان بەرامبەر ئێران زیاتر هەڵبسەنگێنن و لە هەفتەی ڕابردوودا لە كاتی دیدارەكەی لەگەڵ ترەمپ لە كۆشكی سپی داوای ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگیری لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە كردووە و ئەمەش وای لە ئیدارەی ئەمریكا كردووە كە سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایكۆ ماس دوپاتی كردۆتەوە كە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە خزمەتی ئامانجەكانیان دەكات بۆ دەستەبەركردنی ئاسایش و شەفافیەت لە ناوچەكەدا و وتوشیەتی "هەر لایەنێك كە دەیەوێت سیستەمی ئێران بگۆڕێت پێویستە بیری نەچێت كە ڕەنگە دەرئەنجامی ئەوە كێشەی گەورەترمان بۆ بێنێت".

وەزارەتی دارایی ئەڵمانیا لە راپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە كە ڕێگەی داوە بە ئێران 300 ملیۆن یۆرۆ لە هەژمارە بانكییەكانیاندا لە ئەڵمانیا ڕابكێشێت، وە هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوەدراوە كە ئەڵمانیا بەردەوامە لە لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە.

هەر لەمبارەیەوە وەزیری ووزەی توركیا فاتیح دۆنمێز ڕایگەیاندووە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە كڕینی گازی سرووشتی لە ئێران و سزاكانی ئەمریكای بە (بڕیاری تاك لایەن)ە وەسفكردووە و پێی وایە كە تەنانەت یەكێتی ئەوروپاش بێزارن لەم بڕیارانە. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure