به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانى یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسین

هەواڵ / کوردستان :: 09/08/2018‌ :: 489‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانى هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كگرتووى ئیسلامى و كۆمه‌ڵى ئیسلامى و هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى، پێشنیازى كشانه‌وه‌یان له‌ پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێم خستۆته‌ به‌رده‌م سه‌ركرده‌كانى حزبه‌كه‌یان وپاساوی سه‌ره‌كیشیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هۆى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن گۆڕانكاریكردن له‌ هه‌رێم ئه‌سته‌م بووه‌ و ده‌كرێت له‌ماوه‌ى چوار ساڵى داهاتوودا به‌شێوه‌یه‌كى دیكه‌ درێژه‌ به‌ خه‌باتى سیاسى خۆیان بده‌ن.


به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، به‌هۆكارى ده‌ره‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 12ى ئایارى ئه‌مساڵى  عێراق و بێئومێدبوونى هاووڵاتیان له‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن، چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى یه‌كگرتووى ئیسلامى پێشنیازى بایكۆتكردنى پڕۆسه‌ى سیاسى خستۆته‌ به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌یان، به‌پێى زانیارییه‌كان هه‌رچه‌نده‌ سه‌ڵاحه‌دین بەهائه‌دین، ئه‌میندارى گشتى ئه‌و حزبه‌ پشتگیرى بۆ بیرۆكه‌كه‌ ده‌ڕبڕیوه‌ و خۆى به‌ خاوه‌نى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ناساندووه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانى ئه‌و حزبه‌ ئه‌و پێشنیازه‌یان به‌ باش نه‌زانیوه‌ و پێیانوابووه‌ ده‌بێته‌هۆى په‌راوێز خستنیان.

دواڕۆژ له‌ زارى سه‌ركرده‌كانى ئه‌و حزبه‌ زانیویه‌تى ئه‌میندار و به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوون له‌ ماوه‌ى چوارساڵى داهاتوودا، ئه‌نجومه‌نێكى سیاسى پێكبهێنرێت بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنى كارى حكومى و په‌رله‌مانى، له‌ هه‌مانكاتدا به‌ گشتى یه‌كگرتوو بكرێته‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى بانگخوازى و، له‌ماوه‌ى ئه‌و چوارساڵه‌شدا جگه‌ له‌ ئه‌نجامدانى كارى بانگه‌وازى، ده‌ستبكرێت به‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ كارى حزبى خۆیان و، یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كانیش ڕاگه‌یاندنى حزبێكى دیكه‌ بێت له‌ ژێر ناوێكى نوێ.

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى كۆمه‌ڵى ئیسلامیش پێیانباشه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بایكۆتى پڕۆسه‌كه‌ بكرێت، به‌هۆى ترسیان له‌ ده‌رنجامى هه‌ڵبژاردن و نه‌هاتنه‌ كایه‌ى گۆڕانكارى له‌ رێگه‌ى هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵ له‌ پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق بمێنێته‌وه‌، ئه‌م پێشنیازى بایكۆتكردنه‌ى پڕۆسه‌ى سیاسى له‌ لایه‌ن چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌وه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ ڕاپۆرتى مه‌ڵبه‌نده‌كان بۆ سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌یان هۆشداریدراوه‌ له‌باره‌ى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان.

هه‌رچى قه‌واره‌ى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌ریه‌ ، یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌ به‌هێزه‌كانیان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانه‌، ئەگەر له‌ لایه‌ن كۆمسیۆن دڵنیاییان نەدرێتی سەبارەت بە هەڵبژاردنێکی تەندروست و پاك.

ڕێبوار کەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، داوایان  لە كۆمسیۆن کردووە بۆ هەڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ هه‌ڵبژاردنێكى پاک و بێگەرد ئه‌نجامبدرێت، ئەگەرچی کۆمسیۆن هەندێك هەنگاوی ناوە، بەڵام ئه‌گه‌ر بزانن پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ساخته‌كارى و گزى تێداده‌كرێـت، ئه‌وكات ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ كراوه‌ ده‌بێت.

وتیشى " له‌ ڕێگه‌ى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن كۆبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان پاك و دوور له‌ ساخته‌كاریى نه‌بێت، دواتر لە بارەیەوە بڕیار دەدەین و هەڵوێستمان ڕادەگەیەنین ".

سه‌لیم كۆیى، لێپرسراوى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ باره‌ى پرسى كشانه‌وه‌یان بۆ دواڕۆژ، ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ى پرسى بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى خستۆته‌به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تى و ئه‌میرى كۆمه‌ڵیش پشتگیرى كردوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كان نه‌هاتوونه‌ قه‌ناعه‌ت.

ناوبراو هۆكارى بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى گه‌ڕانده‌وه‌، بۆ خۆسه‌پاندن و حساب نه‌كردن بۆ سندوقه‌كانى ده‌نگدان له‌ لایه‌ن پارتى و یه‌كێتى و  ته‌زویركردن له‌ هه‌ڵبژاردن،  چونكه‌ به‌ بۆچوونى ئه‌و به‌م بارودۆخه‌ى ئێستا هه‌یه‌ به‌ژداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن و پڕۆسه‌ى سیاسى هیچ ماناو ئومێدێكى بۆ خه‌ڵكى نه‌هیشتۆته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى، كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ى ئاشكرابكرێت به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، ئه‌میندار و به‌شێكى كه‌م له‌سه‌ركردایه‌تى پشتگیرى له‌و بیرۆكه‌یه‌و گۆڕانكارى ته‌واو له‌ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ى حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێستاش ئه‌و پێشنیازه‌ ده‌نگ نه‌هێنێت، ڕه‌نگه‌ له‌ كۆنگره‌ زۆر گۆڕانكارى له‌ شێواز و هه‌یكه‌ل و میكانیزمى كارى یه‌كگرتووى ئیسلامى بكرێـت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure