به‌رپرسیارێتی تێكچونی دۆخی كه‌ركوك ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆی راكان جبوری

هەواڵ / کوردستان :: 10/08/2018‌ :: 544‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
به‌ره‌ی نیشتمانی بۆ رزگاركردنی كه‌ركوك به‌هۆی پێنه‌دانی مۆڵه‌تی خۆپیشاندان، هێرشی توند ده‌كاته‌ سه‌ر پارێزگاری كاتی كه‌ركوك و ده‌ڵێت "ئیداره‌ی كه‌ركوك به‌رپرسیارێتی هه‌ر خۆپیشاندانێكی نایاسایی ده‌كه‌وێته‌سه‌ر كه‌ كاردانه‌وه‌ی خراپی لێبكه‌وێته‌وه‌".

ئه‌نوه‌ر بەیرەقدار، وته‌بێژی به‌ره‌ی نیشتمانی بۆ رزگاری كه‌ركوك له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "پارێزگای كه‌ركوك به‌ده‌ست بێكاریی و نه‌بونی خزمه‌تگوزاری  ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌ و كاره‌باوه‌ ده‌ناڵێنێت، ئه‌مه‌ش وایلێكردین كه‌ داوای مۆڵه‌ت بكه‌ین به‌مه‌به‌ستی خۆپیشاندان".

وتیشی "وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی داواكه‌مان له‌لایه‌ن پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ته‌وه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ و له‌هه‌مان كاتیشدا به‌رپرسیارێتی هه‌ر خۆپیشاندانێكی نایاسایی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی كه‌ له‌ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی توڕه‌یی خه‌ڵك كاردانه‌وه‌ی خراپی لێبكه‌وێته‌وه‌ و سه‌قامگیری شاره‌كه‌ش بشێوێنرێت".

له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌كه‌دا، وته‌بێژه‌كه‌ی به‌ره‌ی نیشتمانی بۆ رزگاری كه‌ركوك هه‌ڵوێستی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ره‌تكرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ژمارنه‌كردنه‌وه‌ی ده‌ستیی بۆ سه‌رجه‌م سندوقه‌كانی كه‌ركوك و راشیگه‌یاند "هه‌موو ئه‌نجامێك له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و داوا ده‌كه‌ین مه‌رجه‌عییه‌تی باڵای شیعه‌ و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵوێستی رونیان هه‌بێت و شه‌رعییه‌ت به‌ئه‌نجامه‌كانی كه‌ركوك نه‌ده‌ن".

به‌ره‌ی نیشتمانی کە لە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک پێکدێت داواشیكرد چاره‌سه‌رێك بۆ دۆخی ئیداره‌ و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بدۆزرێته‌وه‌ و هه‌لی دامه‌زراندنیش بۆ 10 هه‌زار ده‌رچووی زانكۆ له‌شاره‌كه‌ بڕه‌خسێنرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure