پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی 30 کەسی راگەیاند

هەواڵ / کوردستان :: 09/08/2018‌ :: 3538‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی 10 رۆژی رابردووی راگەیاند و دەستگیرکردنی نزیکەی 30 تۆمەتبار و دەستبەسەرداگرتنی چەندین کەلوپەلی ئاشکراکرد.

سەرکەوت ئەحمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "چەند تۆمەتبارێک لە سلێمانی دەستگیرکراون کە کاری ساختەکاری و دزینیان ئەنجامداوە، لەوانە ژن و پیاوێک کە پێناسیان کۆپیکردووە بۆ کڕین و فرۆشتنی زەوی خەڵک، وە 3 تۆمەتبار دەستگیرکراون کە قاسەیەکیان لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد دزیوە، 11 تۆمەتباریش دەستگیرکراون کە ماتۆڕسکیلیان دزیوە لە ناوچە جیاجیاکان".

وتیشی "باندێکی 3 کەسی دیکەش کە کاریان ھەڵخەڵەتاندنی خەڵک بووە دەستگیرکراون، تۆمەتبارێکیش بە پارەی ئەمریکی ساختەوە گیراوە، 4 تۆمەتباریش بە دزینی ماڵان دەستگیرکراون، باندێکی 6 کەسی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون و 7 ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەستیان بەسەردا گیراوە، 5 مۆڵەتی جامی ڕەش وەرگیراوەتەوە، 248 پەردەی ڕەش لێکراوەتەوە، ٤ دەمانچە و کڵاشینکۆفێکی موزەلی دەستیان بەسەرداگیراوە و 50 فەرمانی دەستگیرکردنیش جێبەجێکراوە".

ئەوەشی وت "دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون کە 15 تاوانی دزییان لەباخەکانی ھاووڵاتیاندا کردووە کە ھەندێک خاوەن باخ سکاڵایان تۆمارکردووە، ھەندێکیش نەیانکردوە لە ناوچەکانی تاسڵوجە، راپەڕین، زێوێ و ھەندێک ناوچەی دیکە".

لەئێستادا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕۆژانە ھێزەکانیان لەشەقامەکاندا لێپرسینەوە لە ئۆتۆمبێل و کەسانی گوماناوی دەکەن و بەردەوامن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure