ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و هه‌رێم روو له‌دابه‌زینه‌

هەواڵ / ئابوری :: 09/08/2018‌ :: 677‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نن، به‌هۆى ناجێگیرى له‌ نرخى تمه‌نى ئێرانى و زیادبوونى گه‌مارۆكان، ئاستى ئاڵوگۆڕ و هه‌نارده‌كردنى كۆمارى ئیسلامى ئێران و هه‌رێمى كوردستان ڕوو له‌ دابه‌زین ده‌كات.

ماوەیەکە بەھۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەھای تمەن بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە و له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌بدوڵا ئاكره‌یی، به‌ڕێوه‌به‌رى  گشتى په‌یوه‌ندییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامى ئێران، فه‌رمانگه‌ى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم  به‌ دواڕۆژ راگه‌یاند "ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران به‌راورد به‌ ساڵانى رابردوو سه‌ره‌تاى ساڵى 2017،  له‌  5 ملیار دۆلارەوە به‌رزبوەته‌وه‌ بۆ 6.5 ملیار دۆلار، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌و ناجێگیرییه‌ له‌ تمه‌ن قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى كه‌مبكاته‌وه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌م دوو ساڵه‌دا رێژه‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى به‌گشتى له‌سەدا 20 به‌رزبۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها هاورده‌كردن له‌ 15%  زیادیكردووه‌ هاتنى گه‌شتیارانیش سه‌دا 13%، به‌ڵام له‌ ماوه‌ى ساڵانى  2016 و به‌ر له‌و ساڵه‌ كه‌میكردبوو ئه‌و كه‌مكردنه‌ش هۆكارى كێشه‌كانى دارایی و بوونى قه‌یرانه‌كان و شه‌ڕى داعش بوو.

وتیشى "له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا هه‌رێمى كوردستان پێشوازى بۆ كۆمپانیاكانى ئێران به‌راورد به‌ توركیا زیادیكردبوو، زیاتر لە 25%ی کۆی گشتی هاوردەکردنی هەرێمی کوردستانە، هەروەها 359 کۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە و زۆربەشیان لە بواری بارزگانی چالاکن و کاردەکەن، ئەمە وێڕای هەبوونی 135 کارگەی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان".

لاى خۆیه‌وه‌ شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و هه‌ناردنکارانی ھەرێم  بۆ دواڕۆژ، ئه‌وه‌خاته‌ڕوو، دابەزینی  تمەنى ئێرانى ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئێران ئاڵۆزکردووە، ساڵى پێشوو ھەرێم بە به‌بڕى 6 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران کردووە، بەڵام پێشبینیده‌كرێت له‌داهاتوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە کەمبێته‌وه‌، چونکە بازرگانه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ وه‌كو پێویست ناتوانن بەرھەمەکانیان بخەنە بازاڕەوە و هاورده‌ى بكه‌ن.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئه‌م كه‌مبوونه‌وه‌یه‌ كاريگه‌رى ئه‌وتۆى نابێت، چونكه‌ هاورده‌كردنى كاڵاو كه‌لوپه‌ل و شتومه‌ك له‌گه‌ڵ وڵاتانى دیكه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و له‌وانه‌ وڵاتانى تورکیا و چین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure