عێراق له‌ ئێران زیاتر زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت به‌ هۆى سزاكانى ئه‌مریكاوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 10/08/2018‌ :: 956‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سه‌پاندنى سزاكانى  ئه‌مریكا به‌سه‌ر ئێراندا  ده‌بێته‌ هۆى زیانگه‌یاندن به‌ عێراق و ئه‌م وڵاته‌ش گه‌وره‌ترین زه‌رمه‌رند ده‌بێت له‌ ناكۆكییه‌كانى نێوان ئێران و ئه‌مریكا.


عێراق به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى پشتى به‌ستووه‌ به‌ كه‌ره‌سته‌ و ئەو پێویستییانه‌ى له‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێن و ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌ نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌دا له‌ ساڵى ڕابردوودا نزیكى 6.7 ملیار دۆلار بووه‌.

ڕۆژى سێشه‌ممه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رایگه‌یاند، كه‌ ناچارن پابه‌ندبن به‌ سزاكانى ئه‌مریكاوه‌ بۆ سه‌ر ئێران، هه‌رچه‌نده‌ به‌لایانه‌وه‌ گونجاو نییه‌ و له‌گه‌ڵیدا كۆك نین و ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "وڵاته‌كه‌ى ماوه‌ى 12 ساڵه‌ گه‌مارۆى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ره‌".

مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح، ڕاوێژكارى دارایی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ فرانس پرێسى راگه‌یاندووه‌ كه‌ سزاكانى ئه‌مریكا كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئابوورى عێراق دروستده‌كات و وتویه‌تى "عێراق به‌شێوه‌یه‌كى فراوان به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانى ئێران و مه‌وادى خۆراكى، هه‌روه‌ها ئۆتۆمبیل و کەرەستەی بیناسازى و سه‌رچاوه‌ى دیكه‌ى ئێران به‌كارده‌هێنێت". 

وتیشی "جگه‌ له‌وه‌ ساڵانه‌ گه‌شتیارێكى زۆرى ئێرانى به‌ مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى رێورەسمە ئاینییەکان سه‌ردانى عێراق ده‌كه‌ن و كه‌مبوونى ئه‌م چالاكییانه‌ش كارده‌كاته‌ سه‌ر ئابوورى عێراق".

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراقیش به‌ هه‌مانشێوه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ سزاكان له‌سه‌ر ئێران كاریگه‌رییه‌كى نه‌رێنى گه‌وره‌ له‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى درووستده‌كات له‌ ڕووى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ چونكه‌ ئێران پێگه‌یه‌كى جوگرافى گرنگى هه‌یه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure