ناڕەزایی لەسەر پڕۆژه‌یەکى نیشتەجێبوونی مامۆستایان دروستده‌بێت

هەواڵ / ئابوری :: 10/08/2018‌ :: 775‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له‌ به‌دواداچوونى بۆ ناره‌زایى به‌شێك له‌ مامۆستایانى كه‌لار سه‌باره‌ت به‌ گرانى نرخى ئه‌و پڕۆژه‌ نیشته‌جێبونه‌ى بڕیاره‌ بۆ مامۆستایانى سنووره‌كه‌ دروستبكرێت، ده‌ركه‌وتووه‌ ته‌نها له‌ دروستكردنى دوو قوتابخانه‌ و دوو باخچه‌ به‌پێى ده‌رخسته‌ى نوێ 765 ملیۆن دینار زیاتر قازانج ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گرانى نرخى خانووه‌كان. 


كه‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "لیژنه‌یه‌كى  كاتى له‌ ئه‌نجومه‌ن بۆ به‌دواداچوون له‌ پڕۆژه‌ى دروستكردنى خانوو بۆ مامۆستایانى كه‌لار سه‌ردانى ئیداره‌ى گه‌رمیانیان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌كه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و وه‌ربه‌هێنان كۆبوونه‌ته‌وه‌. 

وتیشى "به‌پێى هه‌ندێ ده‌رخسته‌ و زانیارى كه‌ له‌ به‌رده‌ستماندایه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و ده‌رخسته‌یەى پێشكه‌شكراوه‌ به‌ وه‌به‌رهێن سه‌باره‌ت به‌ دروستكردنى دوو باخچه‌ و دوو قوتابخانه‌ هى ساڵى 2010یه‌ و ئێستا ئه‌گه‌ر به‌ نرخى ڕۆژ و به‌پێى ده‌رخسته‌ى ساڵى 2018 جێبه‌جێی بكات ئه‌وا 765 ملیۆن دینار زیاتر قازانج نووسراوه‌ له‌ كاتێكدا به‌پێی ده‌رخسته‌كه‌ى 2018 كوالێتى و دروستكردن و دابینكردنى پێداوستى ئه‌و باخچه‌ و قوتابخانانه‌ باشترن له‌وه‌ى پێشووتر".

باسى له‌وه‌شكرد، لیژنه‌كه‌یان نوسراو له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى وه‌به‌رهێنان ده‌كات كه‌ ده‌بێته‌ هۆى گۆڕانكارى له‌ نرخه‌كان و هاوكات ئیداره‌ى گه‌رمیانیان له‌ گرانى نرخ و بوونى ئه‌و قازانجه‌ زۆره‌ بۆ وه‌به‌رهێن ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڵێنه‌ى گوایه‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت هه‌ندێك له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانى پڕۆژه‌كه‌ ده‌گرێته‌ئه‌ستۆ ئه‌وه‌ دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا ئیداره‌ى گه‌رمیان پشتگیرى و به‌ڵێنى هاوكارى لیژنه‌كه‌ى داوه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ى فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ به‌دواداچوون ده‌كه‌ن. 

پڕۆژه‌ى دروستكردنى خانوو بۆ مامۆستایانى كه‌لار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى 2011 به‌ڵام ئه‌مساڵ بریاردرا بخرێته‌وه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و له‌ ئێستاشدا مامۆستایانى گه‌رمیان نیگه‌رانن له‌ نرخى یه‌كه‌كان و له‌ ماوه‌ى رابردوودا چه‌ندینجار ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌.

نه‌به‌رد ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانى ناڕازى له‌ گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌وه‌ى لیژنه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى كردویانه‌ جێگەى ده‌ستخۆشییه‌، به‌ڵام وه‌كو مامۆستایان چاوه‌ڕوانى زیاتریان لێده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخى یه‌كه‌كان و زۆرى پێشه‌كییه‌كه‌ى كه‌ له‌ تواناى مامۆستایاندا نییه‌". 

وتشیى "به‌ ته‌نیشت ئه‌و شوێنه‌ى بڕیاره‌ خانوو بۆ مامۆستایان دروستبكرێت، وه‌به‌رهێنێك سه‌رقاڵی دروستكردنى 300 خانووه‌ له‌ سه‌ر رووبه‌رى 200 مه‌تر به‌ 45 هه‌زار دۆلار و به‌ قیستى درێژخایه‌ن، به‌ڵام خانووى مامۆستایان رووبه‌رى 180 مه‌تره‌ و به‌ نزیكه‌ى 55 هه‌زار دۆلاره‌ و به‌ پێشه‌كییه‌كى  زۆر كه‌ به‌ مامۆستا نادرێت". 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، وه‌كو مامۆستایانى ناڕازى له‌ سنووره‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ناڕەزایی تا ئه‌و كاته‌ى نرخه‌كان به‌ جۆرێك كه‌مده‌كرێته‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى مامۆستایان بێت نه‌ك وه‌به‌رهێن. 

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانى پڕۆژه‌ى خانووى مامۆستایان، ئیداره‌ى گه‌رمیان له‌ راگه‌یەنراوێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، سه‌په‌رشتیارى ئیداره‌كه‌ "سه‌ڵاح كوێخا" له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسى له‌وه‌كردووه‌ "یه‌كێتی مامۆستایان بۆ پڕۆژه‌كه‌ خۆی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكه‌ كرد، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ به‌شێك نین له‌ پرۆژه‌كه‌،  به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانمان به‌گه‌ڕخست كوالێتی پڕۆژه‌كه‌ باش بێت و له‌ رووی نرخیشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باری دارایی مامۆستا بگونجێت به‌و هه‌وڵانه‌ش تاڕاده‌یه‌كی باش نرخی یه‌كه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی مامۆستایان كه‌مكرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری مامۆستاكان سه‌ردانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تمان كردووه‌".

سه‌ڵاح كوێخا راشیگه‌یاندوه‌، سه‌باره‌ت به‌ داواكاری لیژنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، ئیداره‌ی گه‌رمیان وه‌ك هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ هاوكاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بێت بۆ راپه‌راندنی كاروباری لیژنه‌كانیان و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیشی راسپاردوه‌ هاوكاری لیژنه‌كه‌ بن بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌ نرخ و كوالێتی و ده‌رخسته‌ی پرۆژه‌كه‌دا.

گرفتى دروستكردنى خانوو بۆ مامۆستایانى كه‌لار ماوه‌ى 7 ساڵه‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌ و هه‌رچه‌نده‌ له‌ چه‌ند مانگى رابردوودا قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیاریدا بخرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ كۆمپانیاى "خه‌یمه‌ سه‌لام" دروستى بكات و زیاتر له‌ 1700 خانووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ناڕه‌زایى و نیگه‌رانی مامۆستایان له‌ زۆرى نرخه‌كه‌ى تاوه‌كو ئێستا گرفته‌كه‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌.

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure