داواى به‌ڵگه‌نامه‌یان لێده‌كه‌ن
ئاواره‌كانى خورماتوو له‌ گه‌رمیان نیگه‌رانن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 334‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
ئاواره‌كانى خورماتوو له‌ گه‌رمیان نیگه‌رانى ده‌رده‌بڕن له‌وه‌ى به‌رده‌وام داواى به‌ڵگه‌ و مامه‌ڵه‌ى فه‌رمانگه‌ى ئه‌منى و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان لێده‌كه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆچ و كۆچبه‌رانیش ده‌ڵێت "له‌پێناو زانینى ئامار و هه‌روه‌ها پێدانى هاوكارییه‌ به‌وانه‌ى كه‌ له‌ سنووره‌كه‌دا ماونه‌ته‌وه‌".


له‌ گه‌رمیان تائێستا ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره‌ى‌ كوردى خورماتوو و ناوچه‌كانى جه‌له‌ولا و خانه‌قین هه‌ن و به‌وته‌ى خۆیان له‌به‌ر خراپى ره‌وشى ناوچه‌كانیان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

ئه‌وان له‌پێناو دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ مه‌ترسى چه‌كدار و گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان ژیانى ئاواره‌ییان هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ڵام رێوشوێنه‌كانى فه‌رمانگه‌كانى گه‌رمیان نیگه‌رانى كردوون.

رزگار غازى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى ئاواره‌كانى خورماتوو له‌ گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، هه‌ر ماوه‌یه‌ك و له‌لایه‌ن كۆچ و كۆچبه‌ران یان فه‌رمانگه‌كانى دیكه‌وه‌، داواى به‌ڵگه ‌و مامه‌ڵه‌ى نوێیان لێده‌كرێت له‌ فه‌رمانگه‌ ئه‌منى و خزمه‌تگوزارییه‌كان و ئه‌مه‌ش بووته‌ هۆى نیگه‌رانیى ئاواره‌كانى خورماتوو كه‌ له‌ سنوورى گه‌رمیان نیشته‌جێ بوون.

رزگار وتیشى "دواین جار داوایانلێكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیسه‌لمێنن هێشتا ئاواره‌ن و له‌ گه‌رمیان ماونه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ پشتگیرى و مامه‌ڵه‌ى نزیكه‌ى ده‌ فه‌رمانگه ‌و لایه‌ن و ده‌زگا بكه‌ن، به‌مشێوه‌یه‌ش ئه‌ركى ئاواره‌كان قورستركراوه‌ له‌برى ئه‌وه‌ى ئاسانكارییان بۆ بكرێت".

ئه‌وه‌شى وت "داواكردنى ئه‌م به‌ڵگانه‌ ته‌نها له‌ ئاواره‌كانى خورماتوو، له‌كاتێدایه‌ هه‌زاران ئاواره‌ى عه‌ره‌ب له‌ سنوورى گه‌رمیاندا هه‌ن،‌ به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك داواى به‌ڵگه ‌و مامه‌ڵه‌ى نوێیان لێناكرێت و ئاواره‌ هه‌یه‌ پێنج ساڵه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شوێنى خۆى كه‌چى هێشتا هاوكاریی رێكخراوه‌كان وه‌رده‌گرێت".

فایه‌ق عه‌بدوڵـڵا ئاواره‌یه‌ و له‌ خورماتوو فه‌رمانبه‌ر بووه‌ به‌ دواڕۆژى وت، بۆ پشتگیرییه‌كى نیشته‌جێبوون چه‌ند كاتژمێرێك له‌به‌رده‌م قایمقامیه‌تى شارى كه‌لار له‌به‌ر هه‌تاو راوه‌ستاون، چونكه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ئاواره‌كان روویان له‌ ئه‌نجومه‌نى گه‌ڕه‌كه‌كان كردبوو.

وتیشى "ناچارن ئه‌و مامه‌ڵانه‌ بكه‌ن، چونكه‌ به‌وشێوه‌یه‌ نه‌بێت بێبه‌ش ده‌كرێن له‌و هاوكارییانه‌ى له‌لایه‌ن حكومه‌تى به‌غدا یان رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌سه‌ریاندا دابه‌شده‌كرێن".

ئه‌گه‌رچى رێوشوێنه‌كان مایه‌ى نیگه‌رانى بێت، به‌ڵام به‌رپرسێكى بوارى كۆچبه‌ران رایده‌گه‌یه‌نێت، كاره‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئاواره‌بواندایه‌.

عادل عه‌لى، به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى كۆچ و كۆچبه‌رانى گه‌رمیان، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، هۆكارى ئه‌وه‌ى داواى مامه‌ڵه‌یان له‌ ئاواره‌كانى خورماتوو كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ ئامارى دروستیان له‌به‌رده‌ستدا بێت و ئاسانكارییان بۆ بكه‌ن له‌ كاتى دابه‌شكردنى هاوكارییه‌كان یان كاتێك رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داواى ئامار و ناونیشانى ئاواره‌كان ده‌كه‌ن.

وتیشى "هه‌رچه‌نده‌ زانیاریمان هه‌یه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ئاواره‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ خورماتوو، به‌ڵام له‌كاتێكدا هاوكاریى دابه‌شده‌كه‌ن هه‌موو بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى هاوكارییه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌بنه‌ هۆى بێبه‌شبوونى ئه‌وانه‌ش كه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌ سنوورى گه‌رمیان ئاواره‌ن" ئه‌وه‌شى وت "له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌ دابه‌شكردنى ئامێرى فێنككه‌ره‌وه‌ و خۆراك و پێداویستى پزیشكى، تووشى گرفتى زۆر بووین هه‌ر بۆیه‌ داوامان كردووه‌ ئه‌وانه‌ى هێشتا ئاواره‌ن و له‌ گه‌رمیان ماونه‌ته‌وه‌ پشتگیریى ئه‌نجومه‌نى گه‌ڕه‌ك و چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كى دیكه‌مان بۆ بهێنن بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر ناوه‌كان تۆماربكه‌ینه‌وه‌ و له‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ هۆى ئاسانكارى بۆ ئێمه‌ و بۆ خۆیشیان".
 
له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017، هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ خورماتوو كشایه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ته‌واوى هاووڵاتیانى كوردى ئه‌و شارۆچكه‌یه،‌ كه‌ نزیكه‌ى 10 هه‌زار خێزان بوون، روویان له‌ ناوچه‌كانى ترى كوردستان و به‌ تایبه‌تى سنوورى گه‌رمیان كرد و ئاواره‌بوون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure