"ده‌بێت رۆڵى له‌پێكهێنانى حكومه‌تدا هه‌بێت "
داوا ده‌كرێت ئه‌مریكا ده‌ستبه‌ردارى عێراق نه‌بێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/08/2018‌ :: 519‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
شۆن ماك جێڤین نووسه‌رى ئه‌مریكایى داوا له‌ ئیداره‌ى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا ده‌كات "ئه‌گه‌ر به‌ڕاستى ئارامى و سه‌قامگیریى بۆ عێراق ده‌وێت" نابێت جارێكى تر ده‌ستبه‌ردارى عێراق ببێت و پێویسته‌ به‌هێزه‌وه‌ به‌شداریى پرۆسه‌ى دیموكراتى و پێكهێنانى حكومه‌تى تازه‌ى عێراق بكات.


جێڤین له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ گۆڤارى ناسیۆناڵ ئینترست-ى ئه‌مریكیدا نووسیوویه‌تى، ده‌ڵێت "سیاسه‌تى واشنتۆن له‌به‌رامبه‌ر عێراقدا به‌ شێوه‌یه‌كى كورت و كه‌م ته‌ركیزى كردووه‌ته‌ سه‌ر شكسته‌كانى عێراق و ئه‌مه‌یش تێڕوانینێكى كورتبینانه‌یه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "سه‌رقاڵبوونى سیاسه‌تداڕێژه‌رانى ئه‌مریكا به‌و كۆبوونه‌وه‌ باڵایه‌ى كه‌ له‌ نێوان تره‌مپ و سه‌رۆكى كۆریاى باكور رێكخرا، هه‌روه‌ها به‌ لوتكه‌ى په‌یمانى ناتۆ-وه‌، بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى نه‌په‌رژێنه‌ سه‌ر بایه‌خدان به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق كه‌ له‌ 12ى مایس-ى رابردوودا ئه‌نجامدرا و هه‌وڵه‌كانیش له‌وێ به‌رده‌وامن بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى تازه‌".

نووسه‌ر پێیوایه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌ى عێراق ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ به‌شداربوونى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ دامه‌زراندنى حكومه‌تى تازه‌دا و ئه‌مه‌یش "گره‌نتى ئه‌وه‌ ده‌داته‌ واشنتۆن كه‌ به‌شداربێت له‌ سێ مه‌سه‌له‌ى گرنگدا، ئه‌وانیش: تێكشاندنى داعش و قه‌لاچۆكردنى نفوزى ئیقلیمیى ئێران و سنوورداركردنى ئه‌و نائارامیه‌ى كه‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى گرتووه‌ته‌وه‌".

نووسه‌ر ده‌نووسێت "ده‌ره‌نجامى پاشه‌كشه‌ى ئه‌مریكاى ساڵى 2011 له‌ عێراق، حكومه‌ته‌كه‌ى نورى مالیكى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى پێشوو دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تیه‌كانى عێراقى واڵاكرد له‌به‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندیى شیعه‌دا و ده‌كرێت ئه‌مه‌یش له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى عێراقدا تێبینى بكرێت. چونكه‌ له‌ ساڵى 2010 دا رێژه‌ى شیعه‌ له‌و هێزانه‌دا نزیكه‌ى 55% بوو به‌ڵام هه‌تا ساڵى 2014 ژماره‌كه‌ به‌رزبووه‌وه‌ بۆ 95%". "پاشان رێكخراوى داعش ئه‌و ئاڵۆزییه‌ تایه‌فییانه‌ى قۆسته‌وه‌ كه‌ مالیكى نابوویه‌وه‌، به‌مه‌یش پشتیوانییه‌كى ناوخۆیى به‌ده‌ستهێنا و به‌ره‌و هه‌ڵكشان چوو. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پشتگیریى له‌ مالیكى كرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 2006دا بگاته‌ پۆستى سه‌رۆكایه‌تیى وه‌زیران". 

"دواتریش ئه‌مریكا، بێ مه‌به‌ست، به‌شداربوو له‌ تێكچوونى بارودۆخى عێراق، بۆیه‌ پێویسته‌ كاربه‌ده‌ستانى ئه‌مریكا ستراتیژیانه‌تر بچنه‌ دیاریكردنى پاڵیۆراوه‌ عێراقیه‌كانه‌وه‌".

 شۆن مارك جێڤین ده‌ڵێت "كێشه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراقدایه‌ كه‌ كاریگه‌ریى زۆرى ده‌بێت له‌سه‌ر داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و عێراق، به‌تایبه‌تى له‌ بوارى سه‌ربازى و ئه‌منى-دا". و پێیوایه‌ "هه‌ر حكومه‌تێكى داهاتوو كه‌ هاوكاریى سه‌ربازیى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا ره‌تبكاته‌وه‌، ده‌كرێت ببێته‌ مایه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ر ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى كه‌ له‌ دواى ده‌رپه‌ڕاندنى داعش له‌ عێراق به‌ده‌ستهاتوون، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى كه‌ به‌بێ یارمه‌تیى ده‌ره‌كى، هێزه‌ عێراقیه‌كان نه‌یانده‌توانى به‌ده‌ستیانبێنن".

نووسه‌ر پێیوایه‌ "ئێران له‌ڕێى دروستكردنى په‌یوه‌ندیى پته‌و له‌گه‌ڵ هه‌ندێك به‌رپرسى گه‌وره‌ى عێراقى و میلیشیا عێراقیه‌كانه‌وه‌، پێگه‌ى خۆیى له‌ ناوچه‌كه‌دا زیاتر داكوتیوه‌". "عێراق له‌ تێڕوانینى ئێرانه‌وه‌ هاوپه‌یمانێكى گرنگیه‌تى، به‌تایبه‌ت دواى دووباره‌ سه‌پاندنه‌وه‌ى سزاكانى ئه‌مریكا به‌سه‌ر تاران-دا وه‌ك ده‌ره‌نجامێكى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌، بۆیه‌ پێده‌چێت عێراق گرنگیى زیاتر بۆ ئێران په‌یدا بكات چونكه‌ ده‌بێته‌ تاقه‌ ده‌روازه‌ى گه‌یشتنى ئێران به‌ بازاڕ و رێگه‌ بازرگانیه‌كان".

نووسه‌ره‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ دێته‌ سه‌ر باسكردنى دوا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى عێراق كه‌ تێدا "ره‌وتى سائیرون" زۆرینه‌ى كورسیه‌كانى برده‌وه‌. "ئه‌م ره‌وته‌ سه‌ر به‌ موقته‌دا سه‌در-ى پیاوى ئاینیى شیعه‌ى رادیكاڵ و خاوه‌نى میلیشیاى چه‌كداره‌ كه‌ به‌شداریكردووه‌ له‌ پرۆسه‌كانى دژى هێزى ئه‌مریكا له‌ عێراق، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئه‌م میلیشیایه‌ تاوانى ترسناكى ده‌رهه‌ق به‌ سوننه‌كان ئه‌نجامداوه‌".

درێژه‌ به‌ وتاره‌كه‌ى ده‌دات و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌رچى به‌درێژایى ساڵان سه‌در وه‌ك هاوپه‌یمانێكى به‌هێزى ئێران كارى كردووه‌، به‌ڵام له‌ دواهه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى عێراقدا وه‌ك -عروبییه‌ك-ى نه‌یارى نفوزى ئێرانى و ئه‌مریكى له‌ عێراق، چووه‌ پرۆسه‌كه‌وه‌. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌یش به‌ڵكو له‌پێش پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا سه‌در له‌گه‌ڵ سعودیه‌ و ئیمارات كه‌وته‌ په‌یوه‌ندیگرتنه‌وه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاڵۆزى و په‌شێویه‌كانى ناوچه‌كه‌". "لێره‌وه‌ و به‌هۆى گۆڕینى به‌رده‌وامى هه‌ڵوێسته‌كانى سه‌در-ه‌وه‌، له‌وه‌ناچێت ببێته‌ بژارده‌ى ئه‌مریكا بۆ قۆناغى داهاتوو. له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێك له‌ شرۆڤه‌كاران واى بۆ ده‌چن كه‌ ره‌نگه‌ سه‌در بژارده‌یه‌كى باشتر بێت له‌ بژارده‌ى دووه‌م كه‌ (ره‌وتى فه‌تح)ى دووه‌م براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یه‌ و ئه‌مانیش میلیشان و زۆربه‌یان به‌ دڵسۆزى و لایه‌نگرییان بۆ ئێران تۆمه‌تبار ده‌كرێن".

له‌ كۆتایى وتاره‌كه‌ى گۆڤارى ناسیۆناڵ ئینترست- ئه‌مریكیدا،  شۆن ماك جێڤین-ى نووسه‌رى ئه‌مریكایى ده‌نووسێت "پێویسته‌ له‌سه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌هێزه‌وه‌ كار بكات له‌پێناو به‌شداریى له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى عێراق، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستى ده‌یه‌وێت ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى بپارێزێت كه‌ له‌ جه‌نگى دژى داعش-دا به‌ده‌ستیهێناوون. هه‌روه‌ها بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى نفوزى ئێران له‌ عێراق و له‌ ناوچه‌كه‌یش".

سه‌رچاوه‌: ئه‌لخه‌لیج ئۆنلاین
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure