مەلا بەختیار: ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرایە بۆ مانگی 12 پێمان باشتر دەبوو

هەواڵ / کوردستان :: 08/08/2018‌ :: 530‌ جار بینراوە
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی

دواڕۆژ
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی رایده‌گه‌یه‌نێت، لەبەر دۆخی عێراق‌و مەترسییەكان ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرایە بۆ مانگی دوانزە هەتا لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لەعێراقدا پێكەوە بكرایە، پێمان باشتر دەبوو.


مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی نیشتیمانى كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8ى ئابى 2018 رایگه‌یاند، وەك یەكێتی بەشێك دەبین لە چارەسەرەكان لە كوردستان و عێراق، چونكە بەپێی دەستور هەتا ئێستا چارەسەر هەر لە بەغدایه‌.

وتیشی "یەكێتیی و پارتی، بەئارامی مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراق دەكەین‌ و بەشێك دەبین لە چارەسەر، هەروەك پێداگیری لەسەر جێبەجێكردنی دەستور دەكەین".

ئه‌و لێدوانه‌ى مه‌لا به‌ختیار له‌ لێدوانێكدا بوو بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن لە چوارچێوەی وتاری دیداری عەشیرەتی خەیلانی-دا كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رپرسه‌كه‌ى یه‌كێتى ئەوەشیخستەڕوو، ئەمڕۆ یان سبەی پڕۆژەی هاوبەشی یەكێتیی  و پارتی كۆتایی پێدێت‌ و وەفدی هاوبەشی هه‌ردولا پڕۆژەكە دەبەینە بەغداد و لەژێر رۆشنایی ئەو پرۆژەیەشدا، گفتوگۆ لەسەر چارەسەكردنی كێشەكان و مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین، كە لەنێویاندا ماددەی 140، مافە سیاسی، دەستوریی، ئابوریی، چارەسەری قەیرانی ئابوریی‌ و  یاسای نەوت‌و غازە، پشكی راستەقینەی كوردە لە حوكمڕانی عیراق‌ و چۆنێتی جێبەجێكردنی ئەركەكانی هێزی چەكداری عیراق‌ و تێوەنەگلانی هێزە چەكدارەكانە لەكێشە سیاسییەكانی ناو عیراقدا. 

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی راشیگەیاند، خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادەكردووە، كاندیدەكانمان و سەرۆكی لیستی سەوزمان دەستنیشانكردووە‌ و وتی "بەڵام بۆ مێژوو راشیدەگەیەنین، كە یەكێتیی لەكاتێكدا پابەند دەبین بەوەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بكرێت، بەڵام لەبەر دۆخی سیاسی عێراق‌ و مەترسییەكان كە لەناوچەكە و دۆخی شڵەژاوی عێراق، ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرایە بۆ مانگی دوانزە هەتا لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لەعێراقدا پێكەوە بكرایە، پێمان باشتر دەبوو". 

جەختیشیكردەوە، ئەمەش بەو مانایە نییە، كە دژی ئەوەین هەڵبژاردن لە (9/30)دا بكرێت، نەخێر، بەهیچ شێوەیەك! بەڵكو بەو مانایەیە كە مەترسیمان هەیە (9/30) نەتوانین وەكو پێویست پڕۆسەكە سەربخەین! ئەگەرنا سورین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن ئەركێكی دیموكراسی چارەنوسسازە لەسەر شانمان دەشبێ‌ جێبەجێی بكەین.

وتیشی "وەكو یەكێتیی فێڵ لەمیللەتەكەمان‌و خەڵكی كوردستان ناكەین، لەناو حزبدا بەجۆرێك قسە بكەین و لەدەرەوەی بارەگاكانیشمان بەجۆرێكی تر! بەڵكو لەناو خۆماندا، چی باسدەكەین، لەناو كۆمەڵانی خەڵكیكشدا هەمان قسە دەكەین. بۆیە بەڕوونی رامانگەیاندووە، یەكێتیی پابەندە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام مەترسیمان لەوە هەیە، ژینگە‌و زەمینەی هەڵبژاردن، هەلومەرجی هەڵبژاردن بەدڵی هەموولایەك نەبێت، ئەمەش تاكە مەترسیمانە".

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، رونیشیكردەوە، یەكێتیی دووڕ و دوو دیو نییە لەسیاسەتدا! لەدیوێكدا نیگەران بین لەهەڵبژاردن و لەدیوێكی تردا، بڵێین نەخێر دەبێ‌ هەڵبژاردن بكەین. لەكاتێكدا هیچ هێزو لایەنێك لەهیچ بارودۆخێكی عیراق دڵنیانییە، نە لەباری ئابوری، نە هەلومەرجی سیاسی، نە هەلومەرجی ئەمنی، نە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. بۆیە با هیچ هێزێك پێگە و ترسی خۆی لەهەڵبژاردن، لەپەنای تۆمەت هەڵبەستن بۆ یەكێتیی، نەڕەوێنێتەوە و رای گشتیش، بەخۆڵەمێشی حزبایەتی تەسك، چیكە چەواشە ناكرێ‌. چونكە رای گشتی كوردستان لەناو سندوقەكانی دەنگدەران، مافی هەموو لایەكمان دەداتەوە!.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure