هەڵەبجە بووە خاوەنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گەنجینە و لەمەودوا مووچە لای خۆی دابەشدەكرێت

هەواڵ / ئابوری :: 08/08/2018‌ :: 292‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بۆ یەكەمجار بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی هەڵەبجە بەڕەسمی كرایەوە، لەمەودواش پارێزگاکە بۆ دابەشكردنی مووچە و كاروبارە داراییەكان پشت بەخۆی دەبەستێت.

 

دوابەدوای كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی پارێزگای هەڵەبجە، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت ئاماژەی بەوەكرد، كردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بەپشتگیری و هەوڵی جددی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت گەیشتوەتە كۆتایی و ئەمەش یەكێكە لە گرنگترین ئەو خزمەتانەی لەڕێگەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییەوە پێشكەش بە دانیشتووانی ئەم پارێزگایە دەكرێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم كارمەندەكانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە فەرمانگە جیاوازەكانی پارێزگای هەڵەبجەوە گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی هەڵەبجە، هاوكات بەڕێوەبەری گەنجینەی سلێمانیش بەڵێنی هەموو هاوكارییەكی پێداوین بۆ ئەوەی كاروبارە داراییەكانی سنورەكە بخەنە سەرپێ و نەگەڕێنەوە بۆ پاریزگای سلێمانی.

 

بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی پارێزگای هەڵەبجە لە مانگی داهاتوو دەست بە جێبەجێكردنی كاروبارە ئیدارییەكانی دەكات، بەوهۆیەشەوە مووچە و بودجەی تایبەت بە فەرمانگە و فەرمانبەرانی سنورەكە لەو گەنجینەیەوە دابیندەكرێت و چیتر ناگەڕێنەوە بۆ پارێزگای سلێمانی.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure