​گەڕەکە نوێکانی خانەقین "بێنازن"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 330‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
له‌ سنورى خانه‌قین و ناوچه‌ كوردییه‌كانى دیكه‌ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزارى پێشكه‌ش به‌و گه‌ڕه‌كانه‌ ناكرێن کە له‌ دواى ساڵى 2003وه‌ دروستكراون به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى ماسته‌ر پلانن، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ زۆربه‌ى گه‌ڕه‌كه‌كانى ناوچه‌كه‌ له‌ لایه‌ن قایمقامیه‌تەوە دابه‌شكراون. 

زاهید تاهیر، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، له‌ دواى ڕوخانى ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ له‌ خانه‌قین و زۆرێك له‌ ناوچه‌كانى دیكه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر گه‌ڕه‌كى نوێ دروستبوون، به‌ڵام له‌ لایه‌ن حكومه‌تى خۆجێیی دیاله‌وه‌ هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كیان پێشكه‌ش ناكرێت به‌ بیانوى ئه‌وه‌ى ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ماسته‌ر پلانن و زیاده‌ڕۆن. 

وتیشى "له‌ سنورى خانه‌قین له‌ ساڵى 2003 تاوه‌كو 2005 حكومه‌تى عێراق تواناى به‌ڕێوه‌بردنى نه‌بوو، هه‌روه‌ها خه‌ڵكێكى زۆر له‌ ناوه‌ڕاست و خوراووى عێراقه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ خانه‌قین، قایمقامیه‌تى شاره‌كه‌ و شاره‌وانى به‌ شێوه‌ى رێكوپێك و ئه‌ندازیارى زه‌وییان به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شكردووه‌، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراق و دیاله‌وه‌ به‌ زیاده‌ڕۆ ئه‌ژمار ده‌كرێن". 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ باسیشى له‌وه‌كرد، ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى له‌ ماوه‌ى رابردودا گه‌یه‌نراون به‌و گه‌ڕه‌كانه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێم و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا نه‌توانراوه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كى باش پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیان بكرێت، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كى به‌رچاو گه‌وره‌ بووه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ى زیادى كردوه‌.

له‌ دواى ساڵى 2003وه‌ له‌ سنورى شارى خانه‌قین نزیكه‌ى 20 گه‌ڕه‌كى نوێ دروستبوون و به‌پێى ئاماره‌كان رێژه‌ى دانیشتوانى خانه‌قین له‌ 45 هه‌زاره‌وه‌ بۆ نزیكه‌ى 250 هه‌زار كه‌س زیادى كردووه‌ به‌ تایبه‌تى له‌ دواى ئاواره‌بوونى به‌شێك له‌ هاووڵاتیانى دیاله‌ به‌هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه‌. 

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌میر محه‌مه‌د نور، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى خانه‌قین به‌دواڕۆژى راگه‌یاند، ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌ لایه‌ن دیاله‌وه‌ دانیان پێدانه‌نراوه‌ و پێیان وایه‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى شاره‌وانى خانه‌قین. 

وتیشى "كاتى خۆى به‌هۆى گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵكێكى زۆر بۆ خانه‌قین قایمقامیه‌ت له‌ گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى شاره‌كه‌ زه‌وى گه‌ڕه‌كه‌ نوێكانیان دابه‌شكرد به‌ سه‌ر هاووڵاتیان و دواتریش له‌ لایه‌ن هه‌رێمى كوردستان و رێكخراوه‌كانه‌وه‌ و هه‌ندێكیش له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ خزمه‌تگوزارییان پێشكه‌شكرا، به‌ڵام هێشتا به‌پێى پێویست نین و ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ پێویستییان به‌ ده‌یان پڕۆژه‌ى جۆراوجۆره‌. 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، چه‌ندجارێك له‌ گه‌ڵ دیاله‌ قسه‌یان كردوه‌ و نووسراویان به‌رزكردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بێسوود بووه‌ و له‌ ئێستاشدا هه‌وڵێكى دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێده‌چێت ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ بخرێنه‌ چوارچێوه‌ى شاره‌وانى و تاپۆش بكرێن. 

هاووڵاتى عومه‌ر فه‌ره‌ج كه‌ پیشه‌ى كاسبه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، ئه‌وان دانیشتووى گه‌ڕه‌كى سیروانن كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ نوێكانى خانه‌قین، به‌ داخه‌وه‌ گه‌ره‌كه‌كه‌ ئاوه‌ڕۆ و قیرتاوى نییه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گرفتى كه‌مئاوى و خراپى كاره‌با و ژینگه‌یه‌كى پیس و ناله‌بار. 

وتیشى "زۆرجار داوكارى و نیگه‌رانیان ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام سودى نه‌بووه‌ و نه‌توانراوه‌ كێشه‌كانى گه‌ڕه‌كه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure