توركیا سه‌رباز و چه‌ك ره‌وانه‌ى باشورى كوردستان ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 07/08/2018‌ :: 1107‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، دهۆك 
سوپاى توركیا له‌ڕێگه‌ى ده‌روازه‌ى سنورى ئیبراهیم خه‌لیل-ه‌وه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى گه‌یانده‌ سه‌ربازگه‌كانى له‌ باشورى كوردستان و سه‌رچاوه‌یه‌كیش رایده‌گه‌یه‌نێت "ژماره‌ى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى چه‌كه‌كانیان گواستووه‌ته‌وه‌ 30 دانه‌ بووه‌".


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "كاتژمێر 6:00ى به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ نزیكه‌ى 30 ئۆتۆمبێلى سه‌ربازى توركیا كه‌ پێكهاتبوون له‌ بارهه‌ڵگرى درع و ئۆتۆمبێلى بچوك له‌ڕێگه‌ى ده‌روازه‌ى سنورى ئیبراهیم خه‌لیل-ه‌وه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان گه‌یاندووه‌ته‌ هه‌ردوو سه‌ربازگه‌ى توركیا له‌ گرێبى و كانى ماسێ".

وتیشى "كاتێك كه‌ ئۆتۆمبێله‌كانى گه‌یشتونه‌ته‌ ناو هه‌رێمى كوردستان 10 ئۆتۆمبێلیان چونه‌ته‌ كانى ماسێ و 20 یشیان چونه‌ته‌ گرێبى، پاش خاڵیكردنه‌وه‌ى چه‌كه‌كان سه‌رجه‌م بارهه‌ڵگره‌كان چوونه‌ته‌وه‌ بۆ توركیا و ته‌نیا ئۆتۆمبێله‌ بچوكه‌كان له‌ بنكه‌ى سه‌ربازى توركیا له‌ كانى ماسێ ماونه‌ته‌وه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ى دواڕۆژ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئۆتۆمبێله‌كان پڕبوون له‌ چه‌كى قورس و سوك، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى سه‌ربازى تورك كه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێله‌كاندا هاتوون.

سه‌ربازگه‌ى گرێبى ده‌كه‌وێته‌ سنوورى قه‌زاى زاخۆ سه‌ر به‌ پارێزگاى دهۆك، له‌ ساڵى 1995-ه‌وه‌ له‌لایه‌ن سوپاى توركیاوه‌ دروستكراوه‌، به‌ڵام 13 شوباتى ئه‌مساڵ گه‌ریلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان هێرشیان كرده‌سه‌ر ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ و 3 سه‌ربازى توركیا كوشت و 7 –یشيان برینداركردن. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە