به‌هاى تمه‌ن به‌رزده‌بێته‌وه‌
ئێران روبه‌ڕووى سزاكانى ئه‌مریكا ده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 07/08/2018‌ :: 4807‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌ یه‌كه‌م رۆژى سه‌پاندنى سزاكانى ئه‌مریكا به‌سه‌ر ئێراندا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ كردنه‌وه‌ى بازاڕدا، به‌هاى تمه‌ن به‌رامبه‌ر دۆلار به‌رزبوه‌وه‌.


به‌پێى راپۆرتێكى ئاژانسى سپۆتنیك له‌ كردنه‌وه‌ى بازاڕه‌كانى دراوه‌ نافه‌رمییه‌كاندا دۆلارێك له‌ 8950 تمه‌ن مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، له‌كاتێك رۆژى پێشووتر به‌ 9500 تمه‌ن بوو.

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ قۆناغى یه‌كه‌مى سزاكانى ئه‌مریكا به‌سه‌ر ئێراندا چووه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و تارانیش به‌جۆرێك له‌ ئاله‌نگارى رووبه‌رووى سزاكانى بووه‌ و رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى رابردوو كۆمه‌ڵێك رێوشوێنى نوێى بۆ روبه‌رووى سزاكانى ئه‌مریكا راگه‌یاند.

عه‌بدولناسر هیمه‌تى، پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى ژماره‌یه‌ك رێوشوێنى بۆ مامه‌ڵه‌ى دراوى قورس راگه‌یاند و بڕیاره‌كه‌ش له‌مڕۆوه‌ چوه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، گرنگترینیان ئازادكردنى بازاڕه‌كانى ئاڵوگۆڕى دراوه‌.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى دوو ئێرانى، هیمه‌تى ده‌رباره‌ى رێوشوێنه‌كان وتى "ئه‌و رێوشێنه‌ نوێیان كاره‌كانى بازاڕى دراوى لاوه‌كى به‌هێزده‌كات، كه‌ پێشتر تیایدا هه‌نارده‌كانى نانه‌وتى 20% دراوه‌كانیان ده‌خسته‌ڕوو".

پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى ئێران، ئازادكردنى بازاڕه‌كانى دراو ماناى ئازادكردنى ته‌واوه‌تى نیه‌ و بانكى ناوه‌ندى له‌ده‌ست له‌كاروبارى نرخ وه‌رنادات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌كاتى پێویستدا سود له‌ تواناكانى وه‌رده‌گرێت، بۆ به‌رێوه‌بردنى بازاڕى وه‌رده‌گرێت.

بانكى ناوه‌ندى ئێران، لیستى دووه‌م و سێیه‌م، كه‌ بۆ كاڵا و شمه‌كى هاورده‌كراو داینابوو هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و دیاريكردنى جۆرى كاڵاى هاورده‌كراوى بۆ ناو ئێران، خسته‌ ئه‌ستۆى وه‌زاره‌تى پیشه‌سازیی.

ده‌رباره‌ى كاریگه‌رییه‌كانى بڕیاره‌ نوێیه‌كانى بانكى ناوه‌ندى له‌سه‌ر هه‌ڵاوسان، هیمه‌تى وتى "هه‌ڵاساونى نرخ له‌ چه‌ند مانگى رابردوو رویداوه‌ و دراوى قورسیش به‌ نرخى 42 هه‌زار بۆ دۆلارێك، نه‌ده‌گه‌یشته‌ ده‌ستى به‌رهه‌مهێنه‌رى راسته‌قینه‌".

پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ دیاريكردنى نرخى گۆڕینه‌وه‌ى دراو به‌ نرخى پاڵپشتیكراو گه‌نده‌ڵى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و هه‌ندێك به‌ نایاسایی ده‌ستى به‌سه‌رداده‌گرن و بانكى ناوه‌ندى به‌رنامه‌ى تایبه‌تى هه‌یه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنى هه‌ڵاوسان و به‌تێپه‌ڕبونى كات جێبه‌جێى ده‌كات.

هیمه‌تى وتیشى "قه‌دغه‌كردنى كڕین و فرۆشتنى دراوى قورس، فشارى خسته‌سه‌ر بازاڕى سكه‌ و ئاڵتوون به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخه‌كانى، بۆیه‌ دواى ئازادكردنى بازاڕى دراو، بازاره‌كانى ئاڵتون و سكه‌ش ئاسایی ده‌بێته‌وه‌".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه پسپۆرێكى كاروبارى ئابوورى ئێران ده‌ڵێت "بڕیارێكى پێشووى حكومه‌تى ئێران ده‌رباره‌ى مامه‌ڵه‌كردن به‌ یۆرۆ له‌ برى دۆلار، له‌ مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كان كاریگه‌رى سزاكانى ئه‌مریكا كه‌مده‌كاته‌وه‌".

مه‌هدى ته‌قوى، پسپۆرى كاروبارى ئابوورى ئێران به‌ ئاژانسى هه‌واڵى سپۆتنیك-ى روسى راگه‌یاندوه‌، ئامانجى سه‌ره‌كى سزا ئابورییه‌كانى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران، زیاتر بوارى ئاڵوگۆڕى دراو و نه‌وت و حه‌واڵه‌ى دراوى بیانى ده‌گرێته‌وه‌ و بڕیاره‌كه‌ى ئێرانیش بۆ مامه‌ڵه‌كردن به‌ یۆرۆ، كاریگه‌رى سزاكانى ئه‌مریكا كه‌م ده‌كاته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure