دواڕۆژ ناوی كاندیدەكانی گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی هەڵەبجە ئاشكرادەكات

هەواڵ / کوردستان :: 07/08/2018‌ :: 1053‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (ئازاد تۆفیق)ی وەك كاندیدی فەرمی پارێزگاری هەڵەبجە دیاریكرد، بزوتنەوەی گۆڕانیش كاندیدەكانی بۆ پۆستەكانی جێگری پارێزگار و قایمقامی هەڵەبجە و بەرێوەبەری ناحیەی بیارە دیاریكرد.


نزار مەحمود، باژێڕوانی مەكۆی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی لەنێوان ئێمە و یەكێتی واژۆی لەسەر كراوە، پۆستەكانی جێگری پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە پشكی ئێمە بوون، لەو پۆستانە تەنها بەڕێوەبەری ناحیەی بیارەمان لەكاتی خۆیدا وەرگرتووە و بۆ ماوەی دوو ساڵیش پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەمان لابووە، بۆیە ئێستا كە یەكێتی كاندیدی فەرمی دیاریكردووە بۆ پۆستی پارێزگار ئێمەش پۆستەكانی خۆمان وەردەگرینەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ( شاهێن حەمەڕەزا) بۆ وەرگرتنی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە و (حەمید بارام) كە ئێستا بەڕێوەبەری ناحیەی بیارەیە بۆ پۆستی قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە دیاریکراون، هاوكات (جیهاد سابیر)مان بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە دیاریكردووە و نوسراوی پشتگیریشمان ئاڕاستەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە بۆ ئەوەی لەوێوە ناوەكانیان بدەنە وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەستبەكار بوونیان.

ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی وت، ئەو كەسانەی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە دەستنیشانكراون هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕانن و بەشێوەی سیڤی بووە، دوای دەستبەكاربوونیشیان دەست لەكاروباری حزبی هەڵدەگرن لەبواری حكومی كار دەكەن.

لای خۆیەوە ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 9ی شارەزووری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "وەك یەكێتی پابەندی ئەو ڕێككەوتنەین كە لەساڵی 2014 بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە واژۆمان لەسەر كردووە، بۆیە كە ئێستا پۆستی قایمقامی سلێمانی لای ئێمەیە لە هەڵەبجەش پۆستی قایمقامی هەڵەبجە دەدرێتەوە بە بزوتنەوەی گۆڕان، جێگری پارێزگاریش بەهەمان شێوە پشكی ئەوانە.

بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە 11/12/2014، بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە، پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ ماوەی دوو ساڵ لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بەڕێوەبرا و پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەش لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەڕێوەبرا، دواتر بەهۆی كۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەتوانرا لە وادەی خۆیدا ئاڵووگۆڕ بە پۆستەكان بكرێت.

عەبدوڵا نەوڕۆڵی، كە پێشتر لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەی وەرگرتبوو، دوای دووساڵ لە بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە لە ڕۆژی 25/8/2016 دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە ئەوەش وەك جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی نێوان گۆڕان و یەكێتی، بەڵام لەوكاتەوە تا ئێستا پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت بەڕێوەدەچێت.

دوای نزیكەی دوو ساڵ لە بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بە شێوەی وەكالەت، یەكێتی نیشتمانی كوردستان ( ئازاد تۆفیق) ئەندامی مەكتەبی ڕاگەیاندنی بۆ وەگرتنی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بە فەرمی دیاریكردووە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستبەكار بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure