لەبارەی مووچەوە وەزیری دارایی هەرێم دڵنیایی دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 06/08/2018‌ :: 8302‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت "سەرەڕای دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا، لە ئێستادا لەهەوڵی تەواوداین بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە پێناوخزمەتكردنی خەڵكی كوردستان".


ئەمڕۆ دووشەممە 6/8/2018،  رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیكرد لە د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی.

لەسەرەتای كۆبوونەوەكە د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی باسی لە كێشە و گرفتی هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی كرد بە مەبەستی خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی ئەو پارێزگایە.

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی، لە كۆبوونەوەكە رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم باسی لەوەكرد كە لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی پارێزگای سلێمانی  پارەی پێویست تەرخانكرا بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی (زڕگوێز و سیتەك) كە دوو هەزار و پێنج سەد یەكەی نیشتەجێبوونە بۆ هاوڵاتیانی كەمدەرامەت.

هەروەها بڕێك پارە بۆ دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانی پارێزگای سلێمانی تەرخانكراوە بۆ راییكردنی ئیش و كاری فەرمانگاكان و هاوڵاتیان.

هاوكات زیاتر لە 2 ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی تەرخانكراوە بە مەبەستی كڕینی محاویلە و هێڵەكانی كارەبا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لە سنوری پارێزگاكە.

وەزیری دارایی و ئابووری تاكیدی كردەوە كە سەرەڕای دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا لە ئێستادا حكومەتی هەرێم لە هەوڵی تەواودایە بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان لە پێناوخزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure