لەبارەی كەیسەكەی سەلیم شوشكەییەوە لێدوانی جیاواز دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 07/08/2018‌ :: 1214‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی 
بەرپرسێكی كۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاسایش بۆ سەلیم شوشكەی دروستی كردوون، داوایەكیان ئاڕاستەی پارتی كردووە بۆ ئەوەی روونكردنەوە لەسەر ئەو تۆمەتانە بدەن. 


سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی بە دواڕۆژی راگەیاند "دوای ئەوەی ئاسایشی پارتی تۆمەتی داعشبوونی خستە پاڵ سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتار، لە رێگەی مەكتەبی پەیوەندییەكانەوە داوای روونكردنەوەمان لە پارتی كردووە، بۆ ئەوەی بەڵگەكانیان بێنن تاوەكو بیسەلمێنن سەلیم شوشكەیی تیرۆرستە". 

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی كۆمەڵ وتیشی "پارتی وەڵامی ئێمەی نەداوەتەوەو تا ئێستاش بێدەنگە، لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوتوون كە ئێوە ناكرێت بەبێ‌ بەڵگە تۆمەت بۆ خەڵك دروست بكەن و بیدەنە دادگا". 

سەلیم كۆیی ئاماژەی بەوەشكرد، گەر بەرلەوەی تۆمەتی بخەنە پاڵ بەپێی بڕیاری دادگا سكاڵا لەسەر سەلیم شوشكەیی تۆماركرابا، ناوبراو دەچووە بەردەم دادگا، بەڵام ئاسایش پێش ئەوەی سكاڵا تۆمار بكات كۆمەڵێك تۆمەتی بێ‌ بنەمای ئاڕاستەی شوشكەیی كردووە، بۆیە ئەویش ناكرێت بەوجۆرە بچێتە بەردەم دادگا. 

هاوكات تاریق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند "پێشتر ئاسایش بەڵگەی تەواوی كۆكردووەتەوە كە مەلا سەلیم شووشكەیی سەر بە گرووپی داعشە و لە دادگا سكاڵای لەسەر تۆماركراوەو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، هەرچەندە پێشتریش فەرمانی گرتنی هەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی پارێزبەندی پەرلەمانی هەبوو، بۆیە نەگیرا، بەڵام ئێستا پارێزبەندی نەماوە، لەبەرئەوە دەبێت دەستگیربكرێت. 

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، مەلا سەلیم شوشكەیی لە ترسی دەستگیر كردنی هەولێری بەجێهێشتووەو چۆتە سلێمانی.

لەبارەی ئەوەی كە مەلا سەلیم پێشتر چۆتە بەردەمی دادگا و دواتر سەردانی ئاسایشی كردووە، تاریق نوری وتی "ئەو قسانە هیچی راست نین و مەلا سەلیم هەر كاتێك بێتەوە هەولێر، دەستگیردەكرێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure