پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق بۆ لایەنەكان بووەتە دێوەزمە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 06/08/2018‌ :: 423‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ
فالح فه‌یاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سه‌ركرده‌ له‌ ئیئتلافی نه‌سر كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رایگه‌یاند "عه‌بادی كاندیدی ئیئتلافەكەیە بۆ وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی ئاینده‌"، پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق بۆتە دێوەزمە و هیچ كەس نایەوێت خۆی لەقەر بدات.

فه‌یاز كه‌ ناوه‌كه‌ی وه‌ك كاندیدی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌خرێته‌ڕوو، له‌ لێدوانێكدا دەڵێت "گفتوگۆكان نه‌گەیشتوونه‌ته‌ ئاستی گه‌ڵاڵه‌كردنی رێككه‌وتنێك، به‌ڵام به‌ره‌وپێشچوونێكی باش هەبووە، له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی رابردوودا بۆ گه‌یشتن به‌ فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو قه‌واره‌كان كاندیدی خۆیان هه‌یه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران".

كه‌ریم نوری سه‌ركرده‌ له‌ ئیئتلافی فه‌تح كه‌ هادی عامری سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، به‌ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی راگه‌یاندووه‌ "ئه‌و مه‌رجانه‌ی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عییه‌تی باڵا دایناوه‌، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و 40 مه‌رجه‌ی موقته‌دا سه‌در دیاریكردوون بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌رده‌گرێت، ئه‌وا چانسی هادی عامری بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ دوورخستووەته‌وه‌، له‌كاتێكدا كەمێك چانسی عه‌بادی بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ بۆ جاری دووه‌م زیاتر بووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ میدیادا باسده‌كرێت".

كه‌ریم نوری ده‌ڵێت "عه‌بادی زۆرترین ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تێدایه‌ كه‌ مه‌رجه‌عییه‌ت باس له‌ زیره‌كی و به‌هێزی و سوربوون له‌سه‌ر دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و دانایی و وریایی له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌كاندا دەكات، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تی و  هه‌رێمایه‌تییه‌كاندا خوازراو و ویستراوه، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ وه‌ك ژماره‌یه‌كی به‌هێز بمێنێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند ركابه‌رێكی به‌هێزی وه‌ك هادی عامری و تارق نه‌جم-یشی هه‌یه‌‌".

له‌سه‌ر هه‌مان پرس قه‌حتان جبوری وته‌بێژی هاوپه‌یمانی سائیرون كه ‌له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێت به‌ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی راگه‌یاندووه‌ "ئه‌و مه‌رجانه‌ی موقته‌دا سه‌در دایناون، بۆ راستكردنه‌وه‌ی ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسییه‌، ئه‌و مه‌رجانه‌ رێڕه‌وی كاری ئاینده‌ دیاریده‌كات، ره‌زامه‌ندییه‌كی فراوانی له‌ ناوه‌نده‌ فه‌رمی و جه‌ماوه‌رییه‌كاندا به‌ده‌ستهێناوه‌، چونكه‌ بووه‌ته‌ پێویستیی كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌و مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی هه‌بێت، هه‌روه‌ها گرنگی به‌و دۆسییانه‌ش بدات".

جبوری ده‌شڵێت "هاوپه‌یمانی سائیرون كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌، هێشتا قورسایی خۆیشی پاراستووه‌، ناكرێت ئه‌و پله‌و پایه‌یه‌ی خۆی له‌ژێر كاریگه‌ری هیچ بارودۆخێكدا له‌ده‌ست بدات".

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ "ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ ده‌رچه‌ی دنیابینی سائیرون چ بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ قه‌واره‌كانی تر، چ بۆ كاروباره‌كانی تر، پرۆگرام و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانه‌ نه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كان، ئه‌وه‌ش هێز و مه‌قبولییه‌تی پێبه‌خشیوه‌ له‌لای ئه‌وانی تر".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ "ئه‌وه‌ی پشتی پێده‌به‌ستین له‌ قۆناغه‌كانی ئاینده‌دا، گه‌ڵاڵه‌كردنی دنیابینییه‌كی نیشتمانییه‌، پشت به‌و خاڵانه‌ ده‌به‌ستێت سه‌در دیاریكردوون، كه‌ وه‌ك نه‌خشه‌ رێگایه‌".

روونیشیكردووەته‌وه‌ "تێگه‌یشتنه‌كانمان له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ سیاسییه‌كاندا، هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نه‌هاتووە، چ له‌سه‌ر ئاڕاسته‌كان، یان دنیابینییه‌كان، چونكه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پرۆگرام ده‌ستمان پێكردووه‌، نه‌ك كه‌سایه‌تی، مه‌رجه‌كانی سه‌در بنه‌مایه‌كه‌ بۆ تێگه‌یشتنمان له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ سیاسییه‌كان".

هاوكات عسام فه‌یلی مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆی به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ مه‌رجه‌كانی سیستانی و سه‌در به‌ رۆژنامه‌كه‌ی وتووه‌ "قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی ماڵی شیعه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێكیان كاندیدی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانیان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌و پۆسته‌ ده‌ترسن، له‌به‌ر ئه‌و ئەگەرانەی لێی ده‌كەوێتەوە، كه‌ ئه‌و پۆسته‌ بووه‌ته‌ مه‌نجه‌نیق، له‌وانه‌یه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی وه‌ریده‌گرێت، یان بۆ لایه‌نه‌كه‌ی".

فه‌یلی روونیشیكردۆته‌وه‌ "ماڵی شیعه‌ ناتوانێت سازش له‌و پۆسته‌ بكات، چونكه‌ به‌ده‌ست شكستی كه‌ڵه‌كه‌بووی زۆره‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، كه‌ زۆرجار ئه‌و  به‌رپرسیارێتییه‌ ترسناكه‌ ده‌خرێته‌ سەر شانی ئه‌و كه‌سه‌ یان ئه‌و حزب و لایه‌نه‌ی پاڵپشتی ده‌كات".

سه‌باره‌ت به‌ پاشه‌كشه‌ی فالح فه‌یاز، ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ به‌ رۆژنامه‌كه‌ی راگه‌یاندووە "پاشه‌كشه‌كه‌ی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌ ده‌وری بارودۆخ و ناوبانگی دروستده‌بن، به‌تایبه‌ت كه‌ فالح فه‌یاز پله‌و پایه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه‌، هاوتای پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران بێت، وه‌ك سه‌ركرده‌ی دامه‌زرێنه‌ری (حه‌شدی شه‌عبی) و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سه‌ره‌ڕای سه‌ركه‌وتنه‌كانی له‌ دیبلۆماسیه‌تی جه‌ماوه‌ری یان له‌ڕێگه‌ی ئه‌و په‌یامانه‌ی بۆ سه‌ركرده‌كان هه‌ڵیده‌گرێت، به‌تایبه‌ت سه‌ركرده‌كانی سوریا و روسیاو هتد".

رونیشیكردۆته‌وه‌ "هه‌ندێك قه‌واره‌ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ناوێت، چونكه‌ نایه‌وێت تێوه‌گلێت، به‌ڵام ده‌یه‌وێت ئاستی داواكارییه‌كانی به‌رزتر بكاته‌وه‌، له‌ هه‌وڵه‌كانیدا بۆ وه‌رگرتنی پله‌و به‌رپرسیارێتی باڵا و ده‌سته‌به‌ركردن، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران باشتر بێت بۆی".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure