تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی فراواندەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 06/08/2018‌ :: 1235‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، زریان محەمەد
ئەمڕۆ 6ی ئابی 2018 له‌مه‌راسیمێكدا پڕۆژه‌ى گه‌وره‌كردنى تێرمیناڵى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى كرایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن (گروپی کۆمپانیاکانی فاروق) ەوە جێبەجێکرا.

بەئامادەبونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و فاروق مەلا مستەفا سەرمایەداری نیشتمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی پڕۆژەی گەورەکردنی تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرایەوە.

ئەندازیار تاھیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند "ئەم پڕۆژەیە لەسەر رووبەری 1650 مەتر دروستکراوە بە دوو بەش، بەشێکی بۆ ڕۆشتوانە بەشێکی تریان بۆ پێشوازیکردنە، بودجەی پڕۆژەکە لەلایەن حکومەتەوە بڕیاری لەسەر درا و رێژەیەکی لەو داھاتەی لە فڕۆکەخانە دەست دەکەوێت دابیندەکرێت، بڕی تێچوی پڕۆژەکە یەک ملیۆن 135 ھەزار دۆلارە".

وتیشی "پڕۆژەکە لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی فاروقەوە کە کۆمپانیای زەریا دروستیکردووە بەکەمترین نرخ کاریان کردووە و چەندین پێداویستی ترمان ھەبوە کە زیاد کراوە کۆمپانیاکە بۆی کردوین و ھیچ بڕەپارەیەکی زیادی وەرنەگرتووە کە دڵنیاشین لەم پڕۆژەیەدا قازانجی نەکردوە".

دواتر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند "وەبەرھێنان لە فراوانکردن و گەشەکردنی فڕۆکەخانە بیرۆکەیەکی ژیر و وردبینانەیە، دۆخی کوردستان ھەروا نامێنێتەوە ئابوری کوردستان بەھێز دەبێتەوە بازرگان و وەبەرھێنە نێودەوڵەتییەکان دەگەڕێنەوە و گەشتی گەشتیاران زیاد دەبێتەوە".

وتیشی "سوپاسی فاروق مەلا مستەفا و کۆمپانیای زەریا دەکەم کە دیسانەوە پەنجەمۆرێکی ھێشتەوە بەسەر گەشەکردنی کوردستانەکەمان بەتایبەت شاری سلێمانی".

ئەم بەشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی کە زیادکراوە دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی کەسوکاری ئەو کەسانەی گەشت دەکەن کە لەگەڵیاندا بڕۆن بۆ ماڵئاواییکردن و بۆ پێشوازیکردنیش.

دواتر ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەوتەیەکدا رایگەیاند "گەورەکردنی فڕۆکەخانە کارێکی زۆرباشە بۆ گەشەکردنی زیاتری گەشتە بازرگانی، ئابوری و گەشتوگوزارییەکان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure