كه‌ركوك؛ 150 هه‌زار دۆنم زه‌وی له‌ كورد وه‌رده‌گرێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 06/08/2018‌ :: 745‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی كشتوكاڵی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی نفوسی ساڵى (1957) یان هه‌یه‌، زیانێكی گه‌وره‌ ده‌گه‌یه‌نێت به‌جوتیارانی كورد به‌شێوه‌یه‌ك 150 هه‌زار دۆنم زه‌وی كوردی كه‌ركوك ده‌درێته‌وه‌ به‌عه‌ره‌به‌ سودمه‌نده‌كانی سه‌رده‌می سه‌دام حسێن.


مه‌ردان ره‌حمان، سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای جوتیارانی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ی ئاب به‌ دواڕۆژ ی وت "به‌پێی بڕیاره‌كه‌ 150 هه‌زار دۆنم زه‌وی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هاوڵاتیانى عه‌ره‌ب له‌ناوچه‌كانی شوان، دوبز، ساڵه‌یی، قه‌ره‌هه‌نجیر، ناحیه‌ی پردێ و له‌یلان.

وتیشی، ته‌نها به‌وه‌یشه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون به‌ڵكو جوتیاری كوردیان نه‌خستوه‌ته‌ ناو پلانی كشتوكاڵی ساڵانه‌وه‌، به‌بیانوی نه‌بوونی گرێبه‌ست و تاپۆ و یه‌كلایی نه‌بونه‌وه‌ی كێشه‌ی زه‌وی و زاره‌كانه‌وه‌ ئاماده‌نین دانه‌وێڵه‌ و كیمیاوی و ئامێریشیان پێبده‌ن.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌گه‌ر هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ نه‌دۆزرێته‌وه‌و جوتیاری كورد له‌ده‌ره‌وه‌ی پلانی ساڵانه‌ی كشتوكاڵدا بێت ئه‌وه‌ له‌كۆتاییدا به‌رهه‌می دانه‌وێڵه‌كه‌شیان لێوه‌رناگیرێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ جوتیاره‌كان له‌كشتوكاڵ كردن ساردبكاته‌وه‌.

ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا دواڕۆژ ده‌قی نوسراوێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراقی بڵاوكرده‌وه‌ بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی زه‌وی و زاره‌ كشتوكاڵییه‌كانی كه‌ركوك كه‌ تێیدا سه‌رجه‌م ئه‌و زیانه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ عه‌ره‌به‌ سودمه‌نده‌كانی سه‌رده‌م سه‌دام كه‌نفوسی1957ی كه‌ركوكیان هه‌یه‌ و له‌ ساڵی 2003وه‌ له‌لایه‌ن جوتیاره‌ ره‌سه‌نه‌كانی خاوه‌ن زه‌وییه‌كانه‌وه‌ كه‌ كوردن لێیان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure