خالید شوانی: لەهەڵبژاردنی پارێزگاكاندا پێگەمان خراپ بێت بەیەكجاری كەركوك لەدەستدەدەین

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 05/08/2018‌ :: 1071‌ جار بینراوە
خالید شوانی

دواڕۆژ، سامان قوبادی
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیار لەسەر دیاریكردنی تاكە كاندیدی یەكێتی دەدەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار "بەڵام تائێستا ئەم پرسە یەكلایی نەبووەتەوە". خالید شوانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا باس لەوەدەكات، گۆڕینی سیستمی حكومڕانیی عێراق بۆ سەرۆكایەتی، مەترسییەكی گەورەیە بۆكورد و دەڵێت "پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەكەوێتە كاتی هەڵبژاردنەكانی كوردستانەوە".

دواڕۆژ: ئایندەی پرۆسەی سیاسی عێراق، بەتایبەت-یش حكومەتی داهاتووی عێراق، چۆن دەبێت؟
خالید شوانی:
دوو ئاراستە هەیە: یەكەم، پێكهێنانی حكومەتی هاوپەیمانی نیشتیمانی كە هەموو پێكهاتەكان تێیدا بەشداربن. دووەم، پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە. تائێستا دیار نییە حكومەت بە چ ئاراستەیەكدا دروستدەكرێت، بەڵام پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە لەم دۆخەدا قورسە.

دواڕۆژ: خۆپیشاندانەكان وایان كرد ناوی عەبادی وەك كاندید بۆ سەرۆك وەزیران نەمێنێت، یەكێتی كێی پێباشە بۆ ئەو پۆستە؟
خالید شوانی:
عەبادی لە هەمان خوێندنگەی مالكی-یە و خاوەنی هەمان بیروبۆچوونە، گۆڕینی كەسەكان چارەسەری كێشەكانی كورد ناكات، بەڵكو رێككەوتن لەسەر ئەو بەرنامە سیاسییە ببێتە هۆی ئەوەی پشتگیریی لە سەرۆك وەزیران بكرێت. تائێستا دیار نییە كێ بەهێزترە هەر ماوەیەك و كاندیدێك دەردەكەوێ، دیارترینیان عەبادی و فالح فەیاز و تارق نەجم و هادی عامری-یە، جارێ پشتیوانیی كەسیان ناكەین تا یەكێكیان یەكیلای نەبێتەوە.

دواڕۆژ: حیزبە كوردستانییەكان لەم قۆناغەدا پێویستە چۆن مامەڵە بكەن؟ ئایا دەكرێت چاوەڕوان بن وەك ئەوەی كە چوارساڵ پێش ئێستا كورد پەراوێخرا؟ ئایا یەكێتی دەستپێشخەریی هەیە؟
خالید شوانی:
وەكو یەكێتی پێمان باشە هەموو حیزبە كوردستانییەكان بەیەكەوە بچینە بەغدا، دەبوایە دوای هەڵبژاردنەكان سەرجەم لایەنەكان بەیەكەوە بچوونایە، ئەوكات پێگەیەكی بەهێزترمان دەبوو، چونكە نێوماڵی شیعە و سوننە پەرتەوازەیە، چاوەكان لەسەر ئەوەن بیانەوێت هاوپەیمانی لەگەڵ كورد دروست بكەن. بەهەمانشێوە ئەم پەرتییە نێو ماڵی كوردیشی گرتووەتەوە. دەستپێشخەریمان ئەوەیە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی بڕیارماندا وەفدێك پێكبهێنرێت لەگەڵ هەموو حیزبە كوردستانییەكان كۆببێتەوە، تاوەكو پێكەوە بەرنامەیەكی نیشتیمانی كوردستانی بنووسینەوە و بەیەك وەفد بچینە بەغدا،   بەهۆی دەرهاویشتەكانی هەڵبژاردنەوە نەڕەخسا لەگەڵ هەندێك لایەن دابنیشین، ئێمە پێداگرین لەسەر دانیشتن لەگەڵیان، ئەگەرنا چەند هێزێكی سیاسی بەیەكەوە پێگەیەكی بەهێز بۆ كورد دروست بكات دەچێتە بەغدا، دەبێت كورد پەلە نەكات لەوەی حكومەتەكە كەی و چۆن دروست دەبێت، چونكە پەیوەستە بە دیاریكردنی سەرۆك وەزیران كە بەركەوتەی شیعەیە، دەبێت بزانین ماڵی شیعە چی دەكەن، ئەگەر لایەنێك لە شیعەكان لەسەر سەرۆك وەزیران رێكبكەون ئەوكات كورد دەكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵیان، بەڵام زۆر چاوەڕێكردنیش بێ ئەوەی دەستپێشخەری هەبێت خراپە، واتە ئەوان حكومەت پێكبهێنن و لە كۆتایدا كورد بەشداریی بكات، بەڵكو دەبێت لەناو گەمە سیاسییەكان بیت و بەرنامەت هەبێت و دوانەكەویت، پێویستە كورد دەستی هەبێت لە دانانی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق. 

دواڕۆژ: كارتی كاری یەكێتی و پارتی كە خۆی لە ناوچە جێناكۆكەكان و وزە و كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەبینێتەوە ئامادەكراوە، لەمبارەیەوە كورد دەبێت لەگەڵ كێ بكەوێتە دانوستاندن؟
خالید شوانی:
پرۆژەكە فراوانە، لەسەر ئاستی بەشداریی كورد لە بەغدا و پرۆسەی سیاسیش چۆن دەبێت، لایەنێكی تری پەیوەستە بە رێككەوتن لەنێوان ئێمە و بەغدا بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك، هەروەها رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتی بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداری كەركوك، پرۆژەكە نووسراوە و لەسەر ئەم بنەمایە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكاندا دەكرێت، پێمانوایە سەدر هێزێكی كاریگەر و یەكەمە لە هەڵبژاردنەكاندا، لایەنەكانی تریش قورسایی خۆیان هەیە، یەكلایكردنەوەی سەرۆك وەزیران گرنگە، هاوكات كام لیست دەتوانێت گەورەترین فراكسیۆن دروست بكات لە خولی داهاتوو، بۆئەوەی بتوانین مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، ئەمە هێشتا دیار نییە. كورد بەسەر هیچ لایەكدا خۆی ساغنەكردووەتەوە.

دواڕۆژ: ئەنجومەنی ناوەند، دكتۆر محەمەد سابیر-ی وەك كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاریكرد، ئایا بەفەرمی تاكە كاندیدی یەكێتییە؟
خالید شوانی:
ئەنجومەنی ناوەند یەكێكە لە دامەزراوەكانی یەكێتی و كاندیدی خۆیان هەیە، بەڵام كاندیدی یەكێتی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكلایی دەكرێتەوە. هەر دەزگایەكی ناو حیزب كاندیدی خۆیان هەیە دەبێت بە رێكاری حیزبی تێپەڕێت، یەكێتی بە تەنها كاندیدێك خۆی یەكلایی دەكاتەوە، ناگاتە ئەوەی دوو كاندید بنێرێت بۆ پەرلەمانی عێراق. جارێ‌ كاندیدی یەكێتی یەكلاینەبوەتەوە، بۆیە مەبەستمانە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كوردبێت، تاوەكو نەوترێت عێراق سەر بە كۆمكاری عەرەبییە، ئەو پۆستە لەناو كوردا پشكی یەكێتییە.

دواڕۆژ: ویستێك هەیە لەلایەن شیعەكانەوە بۆ گۆڕینی سیستمی حكومڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی، ئەگەر سەربگرێت پێناچێت ئەو پۆستە بدرێتەوە بە كورد، مەترسییەكانی چین؟
خالید شوانی:
سیستمی پەرلەمانیی عێراق كێشەی نییە، جێبەجێنەكردنی بنەماكانی سیستمەكە كێشەی دروستكردووە. لەڕووی دەستوری و سیاسییەوە مەترسییەكی گەورەیە سیستمەكە بكرێت بە سەرۆكایەتی، چونكە عێراق یەك پێكهاتە نییە تا كەسێك بە زۆرینە هەڵبژێردرێت، ئەگەر هەموو دەسەڵاتەكان بدرێت بە سەرۆك كۆمار كە نوێنەری یەك پێكهاتە بێت بێ ئەوەی چاودێریی پەرلەمانی لەسەر بێت، بەئاسانی زەمینە ساز دەكات بۆ دروستبوونی دیكتاتۆری، مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر سوننە و بەتایبەت-یش بۆ كورد. شیعەكان لە هەشت ساڵی رابردوو باسیان لەوە كردووە سیستمی پەرلەمانی خراپە و پێویستە بكرێت بە سەرۆكایەتی، بەڵام دەزانن قورسە ئەمە بكرێت.

دواڕۆژ: پێتوایە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی هەرێم؟
خالید شوانی:
پێكهێنانی حكومەتی عێراق كاتێكی زۆری دەوێت تەنانەت بۆ یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان-یش، رەنگە پێكهێنانی بكەوێتە كاتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم.

دواڕۆژ: پۆستی پارێزگاری كەركوك لە پرۆژەكەی یەكێتی و پارتی بەچی شێوەیەك باسی لێوە كراوە؟ ئایا رێككەوتن لەگەڵ پارتی دەكەن بۆ دانانی پارێزگار؟
خالید شوانی: ئەگەر ئەندامەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پشكی پارتی بەشداربن لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەن دەتوانین بە یەك كاتژمێر پارێزگارێكی كورد دابنێین، جگ لەوە سەرجەم ئەو بەڕێوەبەرە گشتیانەی لەلایەن راكان جبوری دانراون لایانبەرین و خەڵكی نوێیان بۆ دابنێن، بەداخەوە تەعریبی ئیداری لە كەركوك دەستی پێكردووە و 75%ی ئەم پرۆسەیە راكان جبوری بەرنامەی بۆ داناوە.

دواڕۆژ: دەوترێت خالید شوانی تاكە كاندیدی یەكێتییە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، راستە؟
خالید شوانی:
ئەوەی بەلامەوە گرنگە كوردێك ببێتە پارێزگار و ئەم دۆخە چارەسەر بكرێت، رزگار عەلی كاندیدی یەكێتییە، بەلای منەوە ئاسایكردنەوەی دۆخەكە گرنگە نەك پۆست.

دواڕۆژ: بەڵام باس لەوە دەكرێت خالید شوانی دەكرێتە سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی  ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ ئەوەی دواتر بكرێتە پارێزگار، لەمبارەیەوە چی دەڵێیت؟
خالید شوانی:
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پەرلەمانی عێراق گرنگترە، ئەگەر لەو هەڵبژاردنەی كە دەكرێت پێگەمان خراپ بێت بەیەكجاری كەركوك لەدەستدەدەین، بۆیە بەرنامەی من و هەڤاڵەكانم كە كاری لەسەر دەكەین ئەوەیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پارێزگاكان لە كەركوك كورد سەربخەین. تائێستا بریار لەسەر ئەوە نەدراوە من سەرۆكی لیستەكە بم، تەنیا قسەوباسە، وەكو كەركوكییەك كاندید بین یان نا هەموو كارێك بۆ سەركەوتنی كورد لەو شارە دەكەین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure