بڕیارێك له‌باره‌ى باڵه‌خانه‌ بازرگانییه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان ده‌رده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 05/08/2018‌ :: 708‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 
وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى هه‌رێم بڕیاریدا، ئه‌و كه‌سانه‌ى زه‌وى موساته‌حه‌یان له‌ شاره‌وانییه‌كان وه‌رگرتووه‌ بۆ دروستكردنى باڵه‌خانه‌ى بازرگانى له‌ماوه‌یه‌كى دیاریكراودا ئه‌و باڵه‌خانانه‌ ته‌واو بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا توشى سزاى یاسایى ده‌بنه‌وه‌. 

به‌پێى نوسراوێكى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتووگوزارى حكومه‌تى هه‌رێم  كه‌ ئاڕاسته‌ى سه‌رجه‌م سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى شاره‌وانى پارێزگاكان كراوه‌ تێیدا هاتووه‌ كه‌ به‌ فه‌رمانى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌وی-یانه‌ى كه‌ له‌ چه‌ند ساڵى رابردوودا چه‌ند كه‌سێك له‌ شاره‌وانییه‌كانیان وه‌رگرتووه‌ بۆ دروستكردنى باڵه‌خانه‌ى بازرگانى ده‌بێت باڵه‌خانه‌كان ته‌واو بكرێن، چونكه‌ "سیماى شاریان ناشرین كردووه‌". 

هه‌ر له‌ نوسراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزاردا  ئاماژه‌به‌وه‌دراوه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانییه‌كان له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم ماوه‌یه‌ك دیارى بكه‌ن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ ده‌بێت پڕۆژه‌ى دروستكردنى باڵه‌خانه‌كان ته‌واوبكرێت ئەگه‌رنا توشى سزاى یاسایى ده‌بنه‌وه‌. 

له‌وباره‌یه‌وه‌ سامان محه‌مه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌ هه‌ولێر گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌رمایه‌دار كردووه‌ بۆ دروستكردنى بیناى بازرگانى و باڵه‌خانه‌، به‌ڵام به‌شێكیان هه‌ولێریان جێهێشتووه‌ و باڵه‌خانه‌كانیان ته‌واو نه‌كردووه‌، هه‌شیانه‌ لێره‌یه‌ به‌ڵام پڕۆژه‌ى دروستكردنى بینا و باڵه‌خانه‌ى بازرگانى راگرتووه‌". 

سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ولێر ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، لیژنه‌یه‌كیان له‌ شاره‌وانییه‌كان پێكهێناوه‌ تاوه‌كو له‌ سنورى هه‌موو شاره‌وانییه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ ئاگادار بكرێنه‌وه‌ كه‌ پڕۆژه‌كانیان ته‌واو نه‌كردووه‌ گه‌ر له‌ماوه‌ى دیاریكراودا سه‌ردانى شاره‌وانییه‌كان نه‌كه‌ن ئه‌وا گرێبه‌سته‌كانیان هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌. 

روونیشیكرده‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ده‌بێت له‌ ماوه‌ى 30 رۆژى داهاتوودا سه‌ردانى شاره‌وانییه‌كان بكه‌ن و بۆ ئه‌و كه‌سانه‌شى له‌ناو هه‌رێم نیشته‌جێن پێویسته‌ له‌ماوه‌ى 15 رۆژدا سه‌ردانى شاره‌وانی بكه‌ن گه‌رنا سزاى یاسایی ده‌درێن و گرێبه‌سته‌كانیشیان له‌گه‌ڵدا هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌ و زه‌وییه‌كه‌ش ده‌كرێته‌ موڵكى حكومه‌ت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure