پارتى هه‌ڵوێستى خۆى له‌باره‌ى دواخستنى هه‌ڵبژاردن راده‌گه‌یه‌نێت

هەواڵ / کوردستان :: 05/08/2018‌ :: 1373‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسێكى باڵاى پارتى رایده‌گه‌یه‌نێت، حزبه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجامبدرێت و ده‌شڵێت، ئه‌و پرسه‌ له‌ دواین كۆبونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسییاندا جه‌ختى له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌.


هۆشیار سیوه‌یلى، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ى ئابى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌وه‌ى باس له‌ گۆڕینى هه‌ڵوێستى پارتى له‌سه‌ر ئه‌نجامنه‌دانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كرێت، راست نییه‌ و پارتى تائێستا له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى خۆى سووره‌ كه‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجامبدرێت".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى، وتیشى "له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى كه‌ پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو به‌ڕێوه‌چووه‌، تیایدا مه‌كته‌بى سیاسى جه‌ختى له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌كاتى خۆیدا كردۆته‌وه‌".

به‌پێى مه‌رسوومێكى سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیاره‌ له‌ 30ى ئه‌یلولى 2018، هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.

به‌پێى زانیارییه‌كان ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌گه‌ڵ دواخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانن به‌بیانوى سه‌رقاڵى به‌ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ له‌ عێراق.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌مڕۆ لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری و ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان رایگەیاند، "تائێستا ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق یەکلایی نەبووەتەوە، پێویستە کورد بە یەکڕیزی بچێتەوە بەغدا و ناکرێت لەم کاتەدا بکەوینەوە ململانێی هەڵبژاردن و دووبارە هەڵبژاردنێکی دیکە بکەین".

وتیشى "رای خۆم وایە هەڵبژاردن دوابخرێت بۆ کاتێکی تر، چونکە لەم کاتەدا میللەتەکەمان پێویستی بە یەکڕیزییە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی زیاتر پەرتەوازە نەبین".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure