سلێمانی: گه‌وره‌ترین نەخۆشخانەی فریاکەوتن له‌ئاستی عێراقدا كرایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 05/08/2018‌ :: 2786‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئه‌مڕۆ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی شه‌هید شێركۆ له‌ سلێمانی كرایه‌وه‌، به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین فریاكه‌وتنه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان و عێراق.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت نه‌خۆشخانه‌كه‌ی به‌ ره‌سمیی كرده‌وه‌.

شه‌ماڵ جه‌بار یاوه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش به‌ میدیاكانی راگه‌یاند "ئه‌م پرۆژه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین فریاكه‌وتنه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان و عێراق، چونكه‌ 40 قه‌ره‌وێڵه‌ی فریاكه‌وتنی تێدایه‌". 

وتیشی "ئه‌ركی دروستكردنی بیناكه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند خێرخوازێكه‌وه‌ گیراوه‌ته‌ ئه‌ستۆ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژهه‌ڵاتی سلێمانییه‌وه‌و جگه‌ له‌ سلێمانی، سوودی بۆ ناوچه‌كانی گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌بێت". 

باسی له‌وه‌شكرد له‌رووی پزیشكیی و ئامێره‌كانه‌وه‌، ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ به‌هاوكاری رێكخراوی NHCR و یاو جێبه‌جێی كراوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ئه‌م شوێنه‌ ته‌نها بۆ فریاكه‌وتن و حاڵه‌ته‌ مه‌ترسیدار و كتوپڕه‌كانه‌و داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین ته‌نها بۆ حاڵه‌ته‌ كتوپڕه‌كان سه‌ردانی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ بكه‌ن، نه‌ك بۆ نه‌خۆشییه‌كی ئاسایی.

به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش رونیشیكرده‌وه‌ وه‌كوو تێست ماوه‌ی سێ مانگه‌ خراوه‌ته‌ كار و نزیكه‌ی 60 هه‌زار نه‌خۆش سه‌ردانی كردووه‌و چاره‌سه‌ركراوه‌، ئنجا بڕیاری كردنه‌وه‌یمان دا و ئه‌مڕۆ به‌ ره‌سمی كرایه‌وه‌.

له‌كۆتایی وته‌كانیدا ئه‌وه‌ی خسته‌روو "له‌ساڵی 2017دا نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن نه‌خۆش سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌و فریاكه‌وتنه‌كانی دیكه‌ی شۆڕشیان كردووه‌و كارمه‌ندان و پزیشكه‌كان به‌ خۆبه‌خشانه‌ كاریان كردووه‌و ئه‌م فریاكه‌وتنه‌ى ئه‌مڕۆش كراوه‌ته‌وه‌ كه‌سی بۆ دانامه‌زرێندرێت و هه‌ر له‌ لایه‌ن كارمه‌ند و پزیشكه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كانمانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure