خواسته‌ ئاشكرا و نهێنییه‌كانیان جیاوازه‌
لایه‌نه‌كان دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێم تاوتوێده‌كه‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/08/2018‌ :: 620‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌پێى لێدوانى ره‌سمى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى كوردستانن له‌كاتى دیاریكراوى خۆیدا، به‌ڵام ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ هه‌واڵى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆته‌ بابه‌تى سه‌ره‌كى و دواڕۆژیش پێشنیازه‌كانى دواخستنى هه‌ڵبژاردن بڵاوده‌كاته‌وه‌.


وابڕیاره‌ له‌ 30ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت، كۆمسیۆن ئاماده‌كارییه‌كانى له‌وباره‌یه‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام هێشتا به‌ ته‌واوى یه‌كلايى نه‌بۆته‌وه‌ ئایا هه‌ڵبژاردن له‌كاتى دیاریكراوى خۆى ئه‌نجامده‌درێت یاخود نا.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، (یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، كۆمه‌ڵى ئيسلامى، هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى و یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان) به‌شێوه‌یه‌كى رانه‌گه‌یه‌نراو له‌گه‌ڵ دواخستنى هه‌ڵبژاردنن، له‌به‌رامبه‌ردا پارتى ره‌تیده‌كاته‌وه‌ و پێیوایه‌ هیچ بیانويه‌ك بۆ دواخستن نییه‌.

یه‌كێتى له‌ماوه‌ى دوو كۆبوونه‌وه‌ى رابردووى له‌گه‌ڵ شاندى باڵاى پارتى ئه‌و پێشنیازه‌ى كردووه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا پارتى وه‌ڵامى یه‌كێتى نه‌داوه‌تەوە، به‌پێى زانیارییه‌كانیش یه‌كێتى داواى له پارتى كردووه‌، دانیشتنێك له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامبدەن.

دواڕۆژ زانیویه‌تى سێ پێشنیاز خراوه‌ته‌ڕوو بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان، پێشنیازى یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ماوه‌ى دوو مانگ دوابخرێت واته‌ 18ى 12 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ئه‌نجامبدرێت.

پێشنیازى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بخرێته‌ به‌هارى داهاتوو واته‌ بۆ ماوه‌ى 6 مانگ دوابخرێت و پێشنیازى سێهه‌م ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ دوابخرێت.

ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "به‌ بۆچوونی ئێمە هیچ هۆكارێك نییه‌ بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، چونكه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی بڕیار له‌واده‌كه‌ی دراوه‌، هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌ نییه‌، به‌ڵكو هه‌ڵبژاردنێكی دره‌نگوه‌خته‌یه‌، بۆیه‌ پارتی ده‌یه‌وێت له‌واده‌ی خۆیدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، پارتی پشتیوانی له‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردن ناكات، چونكه‌ بیرۆكه‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردن بیرۆكه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌.

وتیشى "ئێستا كۆمسیۆن زۆربه‌ى ئاماده‌كارییه‌كانى ته‌واوكردووه‌، بۆیه‌ ئه‌سته‌مه‌ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت".

دوێنێ شەممە 4ى ئابى 2018، حاكم قادر له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، گفتوگۆكان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ واده‌ى خۆى ئه‌نجامبدرێت یان دوابخرێت. ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "بڕیارى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ى خۆیدا یان دواخستنى په‌یوه‌ندى به‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌یە، وه‌كو یه‌كێتى پابه‌ندین به‌ بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ چى بریارێك ده‌دات".

هاوکات هاوژین عومه‌ر، لێپرسراوى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌باره‌ى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌كان ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، كۆمه‌ڵ له‌ ئێستاوه‌ ئاماده‌كارى كردوه‌و ئاماده‌شه‌ بچێته‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانیش له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌نجامبدرێت.

ئینستتیوتى په‌ى بۆ گه‌شه‌پێدان و ریفۆرم، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاندووه‌، هه‌وڵی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌رده‌وامه‌ و له‌ پشت په‌رده‌وه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ په‌رده‌پۆشكردن به‌ لێدوان و راگه‌یاندن ناڕاسته‌وخۆ وا وێنا ده‌كه‌ن كه‌ لیستی كاندیدانیان ئاماده‌كردووه‌ و له‌گه‌ڵ دواخستندا نین، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كان كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت هه‌ڵبژاردن دوابخرێت.

عوسمان گوڵپى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى گشتى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى به‌ دواڕۆژى راگەیاند، ئەوان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەکاندا نین و داواشناکەن دوابخرێت، چونکە دەبێتە هۆی لەکەدارکردنی پرۆسەی سیاسی وڵات.

وتيشى، پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام خاوێن بێت و فرتوفێڵ و ساختەکاری تێدا نەکرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا بکەوێتە سەرسکەی خۆی .

ئەوەشى وت "راسته‌ ده‌نگده‌رى هێزه‌كان له‌ڕووى نه‌فسیه‌وه‌ ئاماده‌ییان نییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن، چونكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى رابردوو ده‌نگه‌كانیان دزراوه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانى له‌ پێناو پاشه‌كشه‌نه‌كردنى پڕۆسه‌ى دیموكراسى و به‌ كه‌لتووربوونى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆى هیچ داوایه‌كیان له‌و شێوه‌یه‌ پێشكه‌شنه‌كردووه‌".

به‌رپرسانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش رایده‌گه‌یه‌نن ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانن و له‌وباره‌یه‌وه‌ شۆرش حاجى وته‌بێژى ئه‌و حزبه‌ ده‌ڵێت "نه‌ داواى دواخستنى ده‌كه‌ین و نه‌ داواشمان كردووه‌".

هاوكات ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى، ئه‌ندامى سه‌كردایه‌تى یه‌كگرتوو بۆ دواڕۆژ وتى "نابێت له‌ ژێر هیچ پاسا و بیانوویه‌كدا خواست و ئیراده‌ى میلله‌ت زه‌وت بكرێت دیموكراسیش قۆرخ و ئاسته‌نگى بۆ دروست بكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ مافى خه‌ڵكه‌، بۆ چوار ساڵ و یه‌ك خول ده‌نگى به‌م په‌رله‌مانه‌ داوه‌".

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، "له‌وه‌ نیگه‌رانن نائومێدى خه‌ڵك له‌ سندوقه‌كانى ده‌نگدان و ترسى ته‌زویر زیادیكردووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له‌ كاتى خۆیدا ئه‌نجامبدرێت و دوانه‌خرێت".

شێروان زرار، وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن‌ و ڕاپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆدواڕۆژ وتى "تائێستا هیچ نووسراوێكی فه‌رمییان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ كه‌ داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكات".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "وه‌كو لایه‌نی جێبه‌جێكار بۆ هه‌ڵبژارنی په‌رله‌مانی كوردستان داوامان لێكراوه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین له‌ به‌رواری 30ی ئه‌یلول هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاركان ئه‌نجامبده‌ین، چونكه‌ ئه‌و ئاماده‌كارییه‌ی له‌ڕووی كات و بوودجه‌وه‌ كه‌ كراوه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بووه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure