دواڕۆژ سیناریۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئاشکرادەکات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 1141‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
نزیکەی مانگێک و ٢٠ رۆژی ماوە بۆ وادەی کۆتاییهاتنی تەواوی کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هیچ هەنگاوێک نەنراوە، سەرچاوەیەکی باڵاش دەڵێت "هەوڵ هەیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان نەکرێت و پەرلەمان بە یاسا ئەنجومەنەکان هەڵبوەشێنێتەوە".


مانگی رابردوو هەرسێ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک نوسراوی فەرمیان ئاراستەی پەرلەمان و حکومەت کرد، سەبارەت بە ماوەی تەمەنی یاسایی کارکردنیان، بەڵام تائیستا وەڵام نەدراونەتەوە.

عەلی رەشید خۆشناو، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی نوسراوەکەوە بە دواڕۆژی راگەیاند، لەنوسراوەكەماندا وەک هەرسێ ئەنجومەنەکە داوامان لەئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستان كردووە کە کێشەی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاکانمان باسکردووە تا رێگای یاسایی بدۆزنەوە یان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت". 

هەروەها وتیشی "داوامان كردووە ئەگەر لە ٣٠ ئەیلولدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنه‌کان نەکرێت، با لەگەڵ ئەنجامدانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بکرێت".

لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە، ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری كۆمسیۆنی باڵای سەرخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی، بەدواڕۆژی راگەیاند، "ئێمە بەفەرمی ئەوەمان راگەیاندووە کە كۆمسیۆنی هەرێم ناتوانێت لە ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدات، چونكە نە كات هەیە، نە بودجەی پێویستیش".

بەپێی یاسای هەمواركراوی ساڵی ٢٠١١ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، "هەركاتێك ماوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم تەواو بێت، تەنیا دەتوانن بۆ ماوەی ٩٠ رۆژ درێژە بەکارەکانیان بدەن".

سەرچاوەیەکی تایبەت لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دواڕۆژ ئاشكرای كرد "ئەوەی زانیوە کە ئێستا ئەنجومەنی وەزیران خه‌ریکە پرۆژەیەک ئامادە دەکات بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان پەسەندی بکات و ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵبوەشێننەوە، لەبری ئەوان ئەنجومەنی شارەوانییەکان هەڵبژێردرێن".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت "ئەنجومەنی پارێزگاکان بارگرانی و خەرجی زۆریان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردوە، ئەنجومەنی وەزیران هەنگاوەکانی گرتووه‌تەبەر بۆ نەهێشتنی ئەنجومەنی پاریزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "هەوڵێک هەیە کە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکرێت، بەڵکو بەیاسا لە پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێنرێنەوەو هیچ یاسایەکیش نییە رێگری لەوە بکات، بۆیە حکومەت پێیباشە ئەو خەرجیەش نەمێنێت".

لەبارەی نەمانی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە، غازی عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ دواڕۆژ وتی "ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەنیازە بیکات بە نەهێشتنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەرێی پەرلەمانی کوردستانه‌وه‌، مەترسییەکی زۆر گەورەیە لەسەر دیموکراسی و چاودێریکردنی کارەکانی پارێزگا و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیەکان، چونکە ئەگەر ئەنجومەنەکان نەمێنن، ئەوا دەسەڵاتی لامەرکەزی نامێنێت و هەموو شت دەگەرێتەوە بۆ ژێر بڕیاری سەرۆک و جێگری ئەنجومەنی وەزیران".

وتیشی "بیانووی بوونی خەرجی زۆر و زیادەی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجامدانی چاکسازی تەنیا بیانووە، نایانەوێت ئەنجومەنەکان بمێنن، بۆ ئەوەی چیتر کەس نەبێت چاودێری کاری حکومەتی خۆجێیەکان بکەن".

لەبارەی ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پاریزگاکان و ئەرکی پەرلەمانی کوردستان، بەهار مەحمود جێگری سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ دواڕۆژ وتی "بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆیان هەیە لەدوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی کە چوار ساڵی ساڵنامەییە ئەرکەکانیان راپەڕینن".

جێگری سەرۆکی لێژنەی یاسایی دەڵێت "ئەگەر هاتوو لەو ماوەیە رۆژی هەڵبژاردن دیاری نەکرا، ئەوا دتوانن دوای ٩٠ رۆژ، لەكارەكانی خۆیان بەردەوام بن، بەڵام ئەگەر لەو ماوەیەدا تێپەڕی و هیچ هەنگاوێک نەنرا، ئەوا‌ دەكەونە بۆشایی یاساییەوە".

بەپێی ساڵنامەی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان، ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ تەمەنی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی پێهات، دەتوانن تاکوو ٢٤ی ئەیلولی ٢٠١٨ کارەکانی خۆیان ئەنجامبدەن، بەڵام ئەگەر تاوەكو ئەو وادەیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنەكان نەکرا، هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو دهۆك‌و سلێمانی شەرعیەتی یاساییان نامێنێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure