سێ هێڵی گواستنەوەى کارەبا لەکەرکوک دەکرێنە ئامانج

هەواڵ / عێراق :: 04/08/2018‌ :: 277‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
کارەبای نیشتمانی کەرکوک بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، ئەگەرچی لایەنی پەیوەندیدار ئاگادارکراونەتەوە هیچ لەو بارەیەوە بۆ میدیاکان نەڵێن، بەڵام وەزارەتی کارەبا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە لەلایەن کەسانى نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج.


وەزارەتی کارەبا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ئێوارەی دوێنێ هەینی 3ی ئاب تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووجار سێ هێڵی گواستنەوەی کارەبا کراونەتە ئامانج کە بریتین لە هێڵی کەرکوک - دیالە 400 کەیڤی، (مەلا عەبدوڵا- حەویجە)، (دۆر- حەویجە 132کەیڤی).

لە بەیاننامەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، لە هەردوو رووداوەکەدا تەقە لەو هێڵانە کراوە و بچڕان روویداوە و چوونەتە دەرەوەی خزمەتگوازی و کاریگەری لەسەر دابینکردنی کارەبا بۆ کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین دروستکردووە.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتریش دواڕۆژ پەیوەندیکرد بە وتەبێژی کارەبای کەرکوکەوە، بەڵام بەبیانوی ئەوەی لەبەغداوە راسپێردراون کە قسە بۆ میدیا نەکەن، ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

هەریەک لە بەڕێوەبەری کارەبا و لێپرسراوی کارەبای ناوچەکانی باکوریش پەیوەندییەکانیان بەردەست نەبوون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure