عێراق و ئێران لەسەر مەرزی تەوێڵە و ناوچە سنورییەكان گفتوگۆ دەكەن

هەواڵ / کوردستان :: 03/08/2018‌ :: 492‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
پارێزگاری هەڵەبجە ئاشكرایكرد لەسەردانەكەیاندا بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق كۆبوونەتەوە بە مەبەستی بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی تەوێڵە -شۆشمێ‌، هەموو ڕێكارە یاساییەكانی بەكۆتا گەیشتووە و وەزارەتی دەرەوەی عێراق نوسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران كردووە.

 
عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەكالەت بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لە چوارچێوەی كاری سەردانەكەمان بۆ بەغدا لەگەڵ (سلمان جمیلی) وەزیری پلان دانانی حكومەتی عێراقی كە لە هەمان كات وەزیری بازرگانیشە بە وەكالەت كۆبووینەوە داوامانلێكرد كە ئەمساڵ كاری جدی لەسەر ئەوە بكەن كە پسوڵەی خۆراكی تایبەت بەپارێزگای هەڵەبجە چاپ بكرێت، چونكە ئەم كارە دەبێتە هەنگاوێكی باش و جددی بۆ جیاكردنەوەی سنوری بازنەی هەڵبژاردن وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، هەرلە كۆبوونەوەكەدا داوامان لە وەزیری پلاندانانی حكومەتی عێراقی كرد كە بڕی ئەو دوو ملیار دینارەی لە بودجەی گشتی عێراق بۆ هەڵەبجە تەرخانكراوە وەك هاوكاری بگەڕێنرێتەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە بچێتە بواری جێبەجێكردن و بكرێتە پرۆژەیەكی تایبەت بۆ هەڵەبجە، لە بەرامبەردا وەزیری پلاندانان بەڵێنی بەدواداچوونی وردی پێداین بۆ ئەو بابەتە.
 
پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی وت "سەردانی وەزارەتی دەرەوەی عێراقمان كرد و لەگەڵ (حازم یوسفی) بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی دەرەوە كۆبووینەوە بە مەبەستی  بەدواداچون بۆ ڕێكارە كارگێڕی و یاساییەكانی بەنێودەوڵەتی كردنی دەروازەی مەرزی (تەوێڵە -شۆشمێ)و مەرزی (پشتە) خۆشبەختانە هەموو ڕێكارەكان تەواوكراون و بەنوسراوی فەرمی لەوەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕەوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران كراوە.
ڕونیشیكردەوە، داوای چارەسەری بنەڕەتیمان بۆ ئەو كێشە سنوریانە كرد كە لەسەر زەوی و زاری سنووری گوندەكانی سەرسنور هەیە لەگەڵ ئێران، بەتایبەت گوندەكانی هەورامان كە بۆ ماوەی ساڵانێكە چارەسەر نەكراون، بۆیە بەڵێنی ئەوەیان پێداین كە لیژنەیەكی تایبەتمەندی ئەو بوارە لەوەزارەتی دەرەوە پێك بهێنرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە سنورییانە لەگەڵ لایەنی ئێرانی.
 
ماوەی چوار ڕۆژە لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وەفدێكی پارێزگای هەڵەبجە لەبەغدان و بڕیاریشە ئێوارەی ئەمڕۆ بگەنەوە هەرێمی كوردستان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure