ناسنامه‌ی 450 خێزانی عه‌ره‌ب ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ شوێنی پێكهاته‌كانی تر

هەواڵ / کوردستان :: 02/08/2018‌ :: 698‌ جار بینراوە

تاگ :: ئاواره‌

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
حكومەتی عێراق بڕیاریداوە، ناسنامه‌ی باری شارستانی 450 خێزانی عەرەب بۆ ناوچەكانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا بگوازێته‌وه‌، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت "بۆ ئەوەیە دەشتی نەینەوا لە پێكهاتەكانی وه‌ك كوردی شه‌به‌ك و پێكهاته‌كانی تر بسڕنه‌وه‌".

سالم شه‌به‌ك، ئه‌ندامی پێشووى ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی بڕیاریدا ناسنامه‌ی باری شارستانی 450 خێزانی عه‌ره‌ب له‌ شاره‌كانی تر بگوازێته‌وه‌ ناوچه‌كانی ده‌ستی نه‌ینه‌واو له‌ قۆناغی یه‌كه‌م ناسنامه‌ی باری شارستانی 56 خێزانی گواستووه‌ته‌وه‌. 

ئه‌ندامه‌كه‌ی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وتیشی "له‌ دوای نه‌مانی داعش هه‌ندێك به‌رپرس و لایه‌نی عه‌ره‌بی له‌ رێگه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ هەوڵده‌ده‌ن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا و تۆماری ناسنامەی خەڵك بۆ دەشتی نەینەوا دەگوازنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئەوەیە كە دەشتی نەینەوا لە پێكهاتەكانی وه‌ك كوردی شه‌به‌ك و پێكهاته‌كانی تر بسڕنه‌وه‌، كە خەڵكی ڕەسەنی ئەو ناوچەیەن له‌كاتێدا پێشتر داعش نەیتوانی ئەو كارە بكات".

هاوكات له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ژماره‌یه‌ك چالاكوانی پێكهاته‌ جیاوازه‌كان له‌ موسڵ ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌، به‌هەموو شێوەیەك ئه‌مكاره‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی ڕەتدەكەنەوە كە بەزۆر بەسەر دەشتی نەینەوادا فەرز بكرێت، بۆیە وەك چالاكوانانی هەموو پێكهاتەكان، دژی ئەو بڕیارەن و بە هەموو شێوەیەك ڕەتیدەكەینەوە و رێگای یاسایی دەگرنەبەر و لە دەرگای كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەكگرتووەكانیش دەدەن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure