دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن و لیره‌ مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان

هەواڵ / ئابوری :: 02/08/2018‌ :: 3804‌ جار بینراوە
رۆژانه‌ نرخى تمه‌ن و لیره‌ داده‌به‌زێت و نرخى دۆلار و یۆرۆ جێگیره‌

دواڕۆژ، راپۆرتى سامان قوبادى
دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن و لیره‌ وایكردووه‌ مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا به‌ دۆلار ئه‌نجام بدرێن و ئاڵوگۆڕى بازرگانییش كه‌م ببێته‌وه‌. پسپۆڕێكى ئابوریش ده‌ڵێت، دابه‌زینى زیاترى به‌هاى ئه‌و دوو دراوه‌ مه‌ترسیى ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ بازاڕى ناوخۆ به‌كاڵاى توركى و ئێرانى كۆنتڕۆڵ بكرێت و ببێته‌ هۆى داخستنى كارگه‌كانى هه‌رێم.


ناجێگیریى تمه‌ن و لیره‌ به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار، هۆكارێكه‌ بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و دروستكردنى ئاسته‌نگ له‌ نێوان بازرگانانى ناوخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته‌،  له‌هه‌مانكاتدا نرخى كاڵاكان دابه‌زینێكى ئه‌وتۆى به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌.

بۆچى نرخى كاڵاى توركى و ئێرانى دانابه‌زێت؟
سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى دانه‌به‌زینى نرخى كاڵاكان، شێخ مسته‌فا عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆكى یه‌كێتى هاورده‌ و ناردنكارانى هه‌رێمى كوردستان بۆ دواڕۆژ وتى "دانه‌به‌زینى نرخى كاڵاى توركى و ئێرانى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ماده‌ سه‌ره‌تاییانه‌ى كه‌ كارگه‌كانى ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌كارى ده‌هێنن، له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ دۆلار و یۆرۆ ده‌یكڕن، بۆیه‌ رۆژانه‌ تمه‌ن و لیره‌ كه‌ نرخه‌كه‌یان داده‌به‌زێت له‌هه‌مانكاتدا نرخى دۆلار یان یورۆ جێگیره‌، له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه‌ كه‌ كاریگه‌ریى ئه‌وتۆى نابێت له‌سه‌ر نرخى كاڵاكان، جگه‌له‌ هه‌ندێك به‌رهه‌مى كشتوكاڵى ناوخۆى ئه‌و دوو وڵاته‌ كه‌ نرخیان دابه‌زیوه‌، به‌م هۆیه‌وه‌ زۆربه‌ى كارگه‌كانى ئه‌و دوو وڵاته‌ بازرگانه‌كانى هه‌رێمی كوردستانیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ بۆ له‌مه‌ودوا به‌ دۆلار یان یورۆ مامه‌ڵه‌ى كڕین و فرۆشتنیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن".
به‌وته‌ى سه‌رۆكى یه‌كێتى هاورده‌ و ناردنكاران، به‌هۆى دابه‌زینى به‌هاى ئه‌و دوو دراوه‌ ئاڵوگۆڕى بازرگانى به‌ره‌و لاوازى ده‌ڕوات "چونكه‌ ئێران و توركیا به‌شێوه‌یه‌ك گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ بازرگانانى هه‌رێم كردووه‌ و له‌ واقیعدا به‌شێوه‌یه‌كى پێچه‌وانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و توركیادا ده‌كه‌ن، به‌هۆى  ناجێگریى له‌ نرخى دراوه‌كه‌یان ئاڵوگۆڕى بازرگانى به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ ده‌هێنێته‌ خواره‌وه‌".
شێخ مسته‌فا ئاماژه‌ به‌ بڕى ئاڵوگۆڕى بازرگانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێران و توركیادا ده‌كات و ده‌ڵێت "ساڵانه‌ به‌بڕى زیاتر له‌ 10 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕى بازرگانى كاڵا و شتومه‌ك له‌نێوان هه‌رێم و توركیادا ده‌كرێت، هه‌روه‌ها به‌بڕى نزیكه‌ى 6 ملیار دۆلار-یش ئاڵوگۆڕ له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌كرێت".

هۆكاره‌كانى دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن و لیره‌
چه‌ند هۆكارێك بوونه‌ته‌ هۆى دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن و لیره‌، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كان بۆ سه‌ر دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن زیاتره‌ به‌هۆى گه‌مارۆ ئابورییه‌كانى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران.
خالید حه‌یده‌ر، مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕى ئابورى، له‌مباره‌یه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ باسى له‌وه‌كرد كه‌ سه‌ره‌كیترین هۆكار بۆ دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن، گه‌مارۆى ئابوریى ئه‌مریكایه‌ بۆ سه‌ر ئێران، فشاره‌كه‌ له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستیپێكرد كه‌ ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئێران كشایه‌وه‌ "جگه‌له‌وه‌ یه‌كێك له‌ داهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ئێران له‌ فرۆشتنى نه‌وته‌كه‌یدایه‌، گه‌مارۆكه‌ واى كردووه‌ كڕیارى كه‌مبێته‌وه‌ و بڕى دۆلار له‌ناوخۆى ئه‌و وڵاته‌ دابه‌زێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتان دابه‌زیوه‌، بۆیه‌ دۆلارێكى كه‌م ده‌چێته‌ ناوخۆى ئه‌و وڵاته‌". له‌هه‌مانكاتدا ئێران پێویستى به‌ دۆلاره‌ بۆ مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا، بۆیه‌ تمه‌نێكى زیاتر ده‌دات به‌ دۆلار، پێشتر ئه‌گه‌ر بازرگانێك یه‌ك دۆلارى دابێت به‌ 100 تمه‌ن، له‌ئێستادا ئاماده‌یه‌ 200 تمه‌ن بدات به‌ یه‌ك دۆلارى ئه‌مریكى".

پێشبینیى و مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێم
به‌ وته‌ى دكتۆر خالید ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له‌سه‌ر گه‌مارۆ ئابورییه‌كانى به‌رده‌وام بێت، به‌هاى دۆلارى ئه‌مریكى به‌رامبه‌ر تمه‌نى ئێرانى زۆر زیاد ده‌كات و "ئێران ناچارده‌بێت رێژه‌یه‌كى زۆر له‌ دراوه‌كه‌ى چاپ بكات، ئه‌گه‌ر له‌ رێژه‌ى دیاریكراوى خۆى زیاتر بێت، ئابوریى ئه‌و وڵاته‌ رووبه‌ڕووى هه‌ڵاوسانێكى گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌".
ئه‌و پسپۆره‌ ئابورییه‌، پێشبینى ده‌كات "تا دوو مانگى تر دانیشتن له‌نێوان سه‌رۆكى ئه‌مریكا و ئێراندا ئه‌نجامبدرێت"، ئه‌مه‌ش گه‌مارۆ ئابورییه‌كان كه‌مترده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن و لیره‌ وا ده‌كات بازاڕه‌كانى ناوخۆى هه‌رێم كۆنتڕۆڵ بكرێت به‌ كاڵاى ئه‌و دوو وڵاته‌، به‌هۆى هه‌رزانى نرخه‌كانیان، "بۆیه‌ مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مى كارگه‌كانى ناوخۆ و وا ده‌كات دابخرێن و هاووڵاتیانیش ببنه‌ به‌رخۆر و به‌كاربه‌رى كاڵاى ئێرانى و توركى". وه‌ك پسپۆره‌كه‌ ده‌ڵێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure