كۆمسیۆن چه‌ند هێڵێكى گه‌رم بۆ په‌یوه‌ندیكردن داده‌نێت

هەواڵ / کوردستان :: 02/08/2018‌ :: 526‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى ناوه‌كانیان له‌ تۆمارى ده‌نگده‌ران كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم له‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژى داهاتوو چه‌ند هێڵێكى گه‌رم داده‌نێت.


به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ له‌ دواى تێپه‌ڕبوونى زیاتر له‌ 16 رۆژ به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى بنکه‌كانى تۆمارى ده‌نگده‌ران له‌ گشت پارێزگاكانى هه‌رێم له‌ كۆى سێ ملیۆن و 86 هه‌زار که‌س كه‌ مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ له‌ پارێزگاکانى (سلێمانى، هه‌ولێر، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌) ته‌نها 5 هه‌زار كه‌س سه‌ردانى بنكه‌كانى تۆمارى ده‌نگدانیان كردوه‌، به‌مه‌به‌ستى دڵنایبوون له‌ ناوه‌كانیان، به‌ ئامانجى زیادكردنى ئه‌و رێژه‌یه‌ش كۆمسیۆن له‌گه‌ڵ دانانى لینكى تایبه‌ت بۆ دۆزینه‌وه‌ى ناوه‌ى ده‌نگده‌ران له‌ رێگه‌ى ئینته‌رنێته‌وه‌، وابڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا چه‌ند هێڵێكى گه‌رمى ته‌له‌فۆن له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان چالاك بكات.

شۆڕش حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، هاووڵاتیان چه‌ند رۆژێكى دیكه‌شیان له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ بوونی ناوه‌كانیان له‌ تۆماری نوێی ده‌نگده‌راندا له‌ رێگه‌ی سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی ته‌رخانكراو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ یان سایتی كۆمسیۆن، به‌مه‌به‌ستى دڵنیابوون له‌ ناوه‌كانیان.

وتیشى، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا كۆمسیۆن ده‌ستده‌كات به‌ چالاككردنى چه‌ند هێڵێكى گه‌رمى ته‌له‌فۆنى له‌ پارێزگاكان به‌مه‌به‌ستى ئاسانكارى بۆ هاووڵاتیان و دۆزینه‌وه‌ى ناوه‌كانیان.

وتیشى "ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ دۆزینه‌وه‌ى ناوى هاووڵاتیان له‌ لینكى تایبه‌تى ئینته‌رنێت و ته‌له‌فۆن تا دواى ماوه‌ى یاسایى سه‌ردانیكردنى بنكه‌كانى ده‌نگدان هه‌ر به‌رده‌وام بێت و هاووڵاتیان بتوانن تا به‌ر له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌و ئامرازانه‌ به‌كاربهێنن".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئێستا جگه‌ له‌ سه‌ردانى ناوه‌نده‌كانى تۆمارى ده‌نگده‌ران هاووڵاتیان ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی سایتی كۆمسیۆن و داخڵكردنی ژماره‌ی فۆڕمی خۆراك له‌ بوونی ناوه‌كانیان له‌ تۆماری نوێی ده‌نگده‌ران دڵنیاببنه‌وه‌، ته‌نها ئه‌گه‌ر كێشه‌ له‌ ناوه‌كانیان هه‌بوو پێویسته‌ سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران بكه‌ن.

كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم 215 ناوه‌ند بۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران كردۆته‌وه‌ 84 له‌ سلێمانی، 76 له‌ هه‌ولێر، 47 له‌ دهۆك و 8 ناوه‌ند له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ماوه‌ى یه‌ك مانگیشى داناوه‌ به‌مه‌به‌ستى سه‌ردانیكردنى ئه‌و بنكانه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure