بەهۆی بڕیارێکی ئەمریکاوە نرخی لیرەی تورکیا هاڕەی کرد

هەواڵ / ئابوری :: 02/08/2018‌ :: 7441‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چەند رۆژی رابردوو به‌های دۆلاری ئه‌مریكی بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر لیره‌ی توركی دابه‌زی، به‌ڵام بەهۆی بڕیاری سزادانی دوو وەزیری تورکیا، دیسان به‌های دۆلار به‌رزبووه‌وه‌ و نرخی یەک دۆلار گه‌یشته‌ 5.05 لیره‌. 


بەهۆی بڕیاری سزادانی دوو وەزیری تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە، لیرەی تورکی لە بازاڕەکانی جیهان بەگشتیی و لە بۆرسەی ئیستەنبووڵ دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

به‌پێی میدا جیهانییه‌كان، بەهای لیرە کە رۆژی چوارشەممە 4.93 لیرە بوو لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2ی ئاب، بەهاکەی دابه‌زینی زیاتری بەخۆیەوەبینی و گەیشتە ئاستی 5.05 بەرامبەر یەک دۆلار واتا نرخی 100 دۆلار بەرامبەرە بە 505 لیرەی تورکی.

به‌پێی شارەزایانی بواری بۆرسە و دراو، سزاكه‌ی دوێنێی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەدژی دوو وەزیرەکەی تورکیا و جێگیرکردنی ئاستی سوو لەلایەن دامەزراوەی سیاسەتی فێد-ی ئەمریکی کە سەر بەوەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە، بەهای لیرەی تورکی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزێنن.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 1ى ئاب وه‌زاره‌تى گه‌نجینه‌ى  ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا سزاى له‌سه‌ر دوو وه‌زیرى حكومه‌تى توركیا  سه‌پاند به‌هۆى دۆسیه‌ى ده‌ستیگركردنى قه‌شه‌یه‌كى ئه‌مریكى له‌ لایه‌ن توركیاوه‌.

كۆشكی سپى ئه‌مریكا ئاشكرایكرد كه‌ وه‌زاره‌تى  گه‌نجینه‌ى ئه‌و وڵاته‌ بڕیاری سزادانى هه‌ریه‌ك له‌ سوله‌یمان سۆیلو وه‌زیرى ناوخۆى توركیاو عه‌بدولحه‌مید گول وه‌زیرى دادى ئه‌و وڵاته‌ى داوه‌ به‌هۆى ده‌ستگیركردنى ئه‌ندرێڵ برۆنسۆن كه‌ قه‌شه‌یه‌كى ئه‌مریكییه‌و له‌ساڵى 2016 ه‌وه‌ له‌ توركیا ده‌ستگیركراوه‌ به‌ تۆمه‌تى سیخوریكردن.

به‌ڵام كۆشیكى سپى ورده‌كاریى سزاكانى ئاشكرا نه‌كردووه‌ .

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure