"خه‌ڵاتی نوبڵ" له‌ زانا كورده‌كه‌ی بیركاری دزرا

هەواڵ / کوردستان :: 02/08/2018‌ :: 997‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
خه‌ڵاتی ماتماتیكى فیلدز كه‌ به‌ "نۆبڵی ماتماتیك" ناوده‌برێت دوێنێ چوارشه‌ممه‌ بۆ گه‌نجێكی كورد ده‌رچوو، به‌ڵام پاش كه‌مێك له‌ وه‌رگرتنی، له‌ لایه‌ن كه‌سێكی نادیاره‌وه‌ لێی دزراوه‌. 

دوێنی چوارشه‌ممه‌ 1ی ئاب، له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا له‌ ریۆ دیجانیرۆی به‌ڕازیل، فه‌ره‌یدون دره‌خشانی كه‌ خه‌ڵكى شاری مه‌ریوانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و دانیشتووی بریتانیایه‌ و پسپۆرى بوارى ماتماتیكه‌ توانی خه‌ڵاتی ماتماتیكى فیلدز و 15 هه‌زار دۆلاری كه‌نه‌دی به‌ ده‌ست بهێنێت.

پرۆفیسور فه‌ره‌یدون دره‌خشانی ناسراو به‌ (كۆچه‌ر بیركار) ماموستای ماتماتیكه‌ له‌ زانكۆی كامبرێچى بریتانیایه‌.

به‌پێی سایتی سكای نیوزی عه‌ره‌بی، رێكخه‌رانی ئاهه‌نگه‌كه‌ رایانگه‌یاندووه‌، كۆچه‌ر بیركار خه‌ڵاته‌كه‌ كه‌ نزیكه‌ی به‌ چوار هه‌زار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، خستووه‌ته‌ ناو جانتاكه‌ی به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م لێیدزراوه‌. 

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، به‌رپرسانی ئه‌منی له‌ سه‌نته‌ری كۆنفرانسی ریۆسینترۆ جانتای زانا كورده‌كه‌یان له‌ جێگه‌یه‌كی دیكه‌ی ناو بیناكه‌ به‌ به‌تاڵی دۆزیووه‌ته‌وه‌ و پاش ته‌ماشاكردنه‌وه‌ی كامێراكانی چاودێری توانراوه‌ ناسمانه‌ی دوو كه‌س دیاریبكرێت كه‌ گومانی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌یان لێده‌كرێت. 

 

خه‌ڵاتی فیلدز له‌ ساڵی 1954ه‌وه‌ تا ئێستا له‌ لایه‌ن ڕێكخراوه‌ی فیلدز له‌ شاری تۆرێنتۆی كه‌نه‌دا هه‌ر چوار ساڵ جارێك ده‌درێته‌ دوو تا چوار توێژه‌ری خوار ته‌مه‌ن 40 ساڵ له‌ بوارى ماتماتیكدا.

 

فه‌ره‌یدون دره‌خشانی له‌ ساڵی 2016 دا خه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی ماتماتیكى ئه‌مریكای  به‌ده‌ست هێنا.

 

ئه‌و لاوه‌ كورده‌ له‌ ساڵی 1979  له‌ گوندی (نه‌ی) سه‌ر به‌ شاری مه‌ریوان له‌دایكبووه‌، بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له‌ زانكۆی تاران له‌ به‌شی ماتماتیك به‌ده‌ستهێناوه‌و دواتریش ماسته‌ر و دوكتۆرای له‌ زانكۆی ناتینگهام له‌ بریتانیا به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌هه‌مان بواردا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure