کەرکوک: کورد لەپۆستەکانی تەندروستی دوردەخرێنەوە

هەواڵ / کوردستان :: 02/08/2018‌ :: 211‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و جێگیربونی هێزە عێراقییەکان لەکەرکوک، پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و چەند بەشێکی گرنگی تەندروستی شارەکە لەکورد وەرگیراوەتەوە، لقی کەرکوکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستانیش کارەکانیان هەڵپساردووە.


شێخ بابا تاهیر، کارگێڕی لقی کەرکوکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی ەدوارۆژی وت "لەئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک و بەشی پلاندانان و کارگێڕی و عەملیات لەکورد وەرگیراوەتەوەو کەسانی عەرەب و تورکمان لەشوێنیان دانراون، ئێستایش سەرقاڵی گۆڕینی نوسینگەی بەڕێوەبەری گشتین".

وتیشی "دۆخی کارمەند و پزیشکانی کورد لەفەرمانگەی تەندروستی کەرکوک زۆر خراپەو مامەڵەی نەشیاویان بەرامبەر دەکرێت و دەیانخەنە ژێر دەستی بەرپرسە عەرەب و تورکمانەکانەوە، ئەوانەشی کە لەپۆستەکانیان ماونەتەوە روبەڕوی فشارێکی زۆر دەکرێنەوە تاوەکو پۆستەکانیان بەجێبهێڵن".

سەبارەت بەهەڵپساردنی کاری سەندیکای تەندروستی هەرێم لەکەرکوکیش، بابا تاهیر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بەهۆی نەبونی پارەو قەرزی 5 مانگی بینای سەندیکاکەیان ناچاربونە کارەکانیان هەڵپسێرن.

لەئێستایشدا کۆمەڵێک کارمەندی کوردی تەندروستی کەرکوک بەبێ ئەوەی ناوی خۆیان ئاشکرابکەن بەیاننامەیەکیان بڵاوکردوەتەوەو تیایدا داواکارن لایەنە کوردییەکان دەستێوەردان بکەن و رێگریبکەن لەگواستنەوەی کارمەندانی کوردو ئەو گۆڕانکاریانەی لەفەرمانگەکەدا لەسەر حیسابی کورد دەکرێت.

هەروەها داوا دەکەن بەڕەچاوکردنی دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پۆستەکانی فەرمانگەکە بەسەر پێکهاتەکاندا دابەشبکرێت.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure