به‌غدا چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی هەڵەبجە دەرکرد

هەواڵ / کوردستان :: 01/08/2018‌ :: 759‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
له‌ ئاكامى سه‌ردان و كۆبونه‌وه‌كانى شانده‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ به‌غدا، حکومەتی عێراق رەزامەندیدا له‌سه‌ر کردنەوەی چەند بەڕێوەبه‌رایه‌تیه‌ك له‌و پارێزگایه‌ى هه‌رێم.


لەمیانەی کۆبونەوەى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ى ئابى 2018ى نێوان عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە و قاسم ئەعرجی، وەزیری ناوخۆی عێراق، لایەنی عێراقی رەزامەندى ده‌ربڕى له‌سه‌ر کردنەوەی شەش بەڕێوەبەرایەتی لە هەڵەبجە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دواڕۆژ، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا وەزیری ناوخۆی عێراق بەڵێنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی بە خەڵکی هەڵەبجە داوە و رەزامەندیشی دەربڕیوە بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی (ره‌گه‌زنامه‌، باری شارستانی، نشینگه‌، كارتی زانیاری، لیوای پاسه‌وانی سنور و تابلۆی ئۆتۆمبێل) هاوشێوه‌ی‌ هه‌ر پارێزگایه‌كی‌ دیكه‌ی‌ عیراق.

شاندەكەی هەڵەبجە جگه‌ له‌ پارێزگار پێكهاتوون لە عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی و ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، كە لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت دوێنێ سەردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا ده‌ستپێكرد.

دواڕۆژ ئەوەشی زانیوە، لایەنی عێراقی هیچ لارییەکیان نیە کە مەرزی شۆشمێ-تەوێڵە بکرێتە مەرزێکی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە رەزامەندی لایەنی ئێرانیش هەیە.

دوێنێ شانده‌كه‌ له‌گه‌ڵ فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆمارى عێراق كۆبوه‌وه‌ و پرسى  بە نێودەوڵه‌تیكردنی مەرزەكانی شۆشمێ‌ تەوێڵە و مەرزی پشتە لە ناحیەی بیارە-یان له‌گه‌ڵدا تاوتوێكرد كە به‌غدا رەزامەندی لەسەر كردنەوەیان دەربڕیوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure