حكومه‌تی هه‌رێم له‌ شه‌ش مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو نزیكه‌ی 100 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی فرۆشتووه‌

هەواڵ / ئابوری :: 01/08/2018‌ :: 263‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
كۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینیكردن له‌ نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان راپۆرتی دووەمی ساڵی 2017ی بڵاوكرده‌وه‌ و به‌ پێی راپۆرته‌كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ شه‌ش مانگی دووه‌می 2017دا 90 ملیۆن و 997 هه‌زارو 914 به‌رمیل نه‌وتی فرۆشتووه‌. 


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ی ئابی2018، راپۆرتی شه‌ش مانگی دووه‌می ساڵی رابردووی بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ئێمە لەلایەن ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروبارى نەوت و گازی هەرێمی کوردستانەوە دەستنیشانکراین بۆ ئەنجامدانی وردبینی لە خشتەی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوت بۆ ساڵی 2017 و هەروەها بۆ ساڵەكانی پێشووتری 2014 ،2015 ،2016.

كۆمپانیای دیلۆت راشیگه‌یاندووه‌، وردبینیمان تەواوكرد بۆ خشتەی هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوت لە ماوەی نێوان 1ى تەمموزى 2017 تا 31ى كانونى یەكەمى 2017 ، بەپێى خشتەی (1 ) كە هاوپێچی ئەم راپۆرتەکراوە. پێشتر وردبینیمان تەواوكرد بۆ خشتەی هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتی نەوت لە ماوەی 1ی كانونی دووەمی 2017 تا 30ی حوزەیرانی 2017، و راپۆرتێكیشمان دەربارەی پێشکەش کرد.

ھەر لەو راپۆرتەدا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، رێکارەکانی ئێمە بۆ ئەم راپۆرتە پێکهاتبوون لە وردبینیکردنی هەناردەکردن و تۆماری فرۆشتنەکان، ئەنجامدانی سەردانی مەیدانی پێویست، داواكردنى زانیارى لە کۆمپانیاکانی نەوت، هەروەها گرتنەبەری رێکاری دیكەى پێویست بۆ هەناردەکردن و بەکاربردنی نەوت، هیچ بەیانێکی نادروستمان بەدینەکرد لە زانیارییەکانی هەناردەکردن و بەکاربردنی نەوت لە ماوەی نێوان 1ى تەمموزى 2017 تا 31ى كانونى یەکەمی 2017.

دیلۆیت داتاكانی شه‌ش مانگی دووه‌می ساڵی2017ی خستۆته‌ڕوو و ده‌ڵێت، حكومه‌تی  هەرێمی کوردستان 90 ملیۆن و 997 هەزار و 914 بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە، لەم ژمارەیەش، 81 ملیۆن و 548 هەزار و 972  بەرمیل لە رێگای بۆری و 4 ملیۆن و 913 هەزار و 910 بەرمیل لە رێگای تانکەر هەناردەی دەرەوە کراون.

هەر بە گوێرەی کۆمپانیاکە، نرخی گشتی یەک بەرمیل نەوت هەناردەکراو لە رێگای بۆری 44 دۆلار و 584 سەنت بووە، هەروەها نرخی گشتی یەک بەرمیل نەوتی هەناردەکراو لە رێگای تانکەرەوە 39 دۆلار و 883 سەنت بووە.

حکوومەت هەرێم لە هەناردەکردنی ئەو ژمارە بەرمیل نەوتەش، زیاد لە سێ ملیار و 853 دۆلاری دەستکەوتووە، بەڵام بەهۆی دانی پارەی کەیس و کرێ کۆمپانیاکان و تەرخانکردنی پارە بۆ کەرکوک و چەند ناوچەیەکی دیکە، هەرێم، یەک ملیار و 815 ملیۆن و 410 هەزار و 127 دۆلاری بۆ ماوەتەو.

دەقی ‎راپۆرتی دووەمی دیلۆیت بۆ وردبینی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان بۆ شەش مانگی دووەمی 2017 کلیک لێرە بکە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure