وەرگرتنی گەنم لەجوتیاران كۆتایی هات

هەواڵ / ئابوری :: 31/07/2018‌ :: 267‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ دوا وادە بوو بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، دەڵێت "بڕی 30 ملیار دینار پارەی جوتیاران لای حكومەتی عێراقیی ماوە".


بەختیار عیزەت، بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق سێشەممە 31/7/2018 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "دوای ئەوەی چەندجارێك وادەی وەرگرتنی گەنممان لە جوتیارانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە و قەزاكانی سەیدسادق و شارەزوورو پێنجوێن درێژكردەوە، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە دوا وادە بوو بۆ وەرگرتنی گەنم و كۆتاییمان بە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم هێنا".

ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەرەتای وەرزی وەرگرتنی گەنم تا ئەمڕۆ 31/7/2018 بڕی 23 هەزار و 800 تۆن گەنممان لە جوتیارانی سنورەكە وەرگرتووە، لە كاتێكدا لە ساڵی ڕابردوودا تەنها چوار هەزار تۆن گەنممان وەرگرت بوو، بەڵام ئەمساڵ گەنمی جوتیارانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەشمان وەرگرت، چونكە بنكەی وەرگرتنی گەنم لە هەڵەبجە نەكرایەوە و جوتیاران ناچار گەنمەكانیان هێنا بۆ سایلۆی سەیدسادق.

بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق ئەوەشی وت "بڕی ئەو پارەیەی كە تا ئێستا لای حكومەتی عێراقی ماوە دەگاتە 30 ملیار دینار، كە پارەی گەنمی ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016ن هاوكات بەڵێنیش دراوە لە زووترین كاتدا پارەی گەنمی ساڵی 2018 بەسەر جوتیاراندا دابەشبكرێت، بەڵام هێشتا هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure