شاندێكی هەڵەبجە لەبەغدایە

هەواڵ / کوردستان :: 31/07/2018‌ :: 392‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی چەند دۆسێیەكی تایبەت بەمامەڵكردنی حكومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە ئەمڕۆ شاندێكی هەڵەبجە گەیشتنە بەغدا.


بەگوێرەی زانیارییەكانی دواڕۆژ، شاندەكەی هەڵەبجە پێكهاتوون لە عەلی عوسمان پارێزگاری هەڵەبجە و  عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی و ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، كە لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی بەغدایان كردووە و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی حكومەتی عێراق و فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق كۆدەبنەوە.

ئەوەش زانراوە، كە پێشتر چەند جارێك سەردان و پەیوەندی لەنێوان وەزارەتەكانی ناوخۆ و تەندروستی و چەند وەزارەتێكی دیكەی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم ئەنجام دراوە سەبارەت بە مامەڵەی حكومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە و كردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم بوونیان هەیە و سەر بەحكومەتی عێراقین و لە پارێزگای هەڵەبجە نەكراوەنەتەوە، ئەمڕۆ واژۆ لەسەر كردنەوەیان دەكرێت.

دواڕۆژ ئەوەشی زانیوە، شاندەكەی هەڵەبجە لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ (د. فوئاد مەعسوم) سەرۆك كۆماری عێراق بابەتی بەنێودەوڵیكردنی مەرزەكانی شۆشمێ‌ تەوێڵە و مەرزی پشتە لە ناحیەی بیارە تاوتوێدەكەن كە حكومەتی عێراقی ڕەزامەندی لەسەر كردنەوەیان دەربڕیوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure