كێ پاسه‌وانی له‌ پاسه‌وان بكات؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 30/07/2018‌ :: 207‌ جار بینراوە

سه‌نگه‌ر رسول
"كێ ببێته‌ پاسه‌وانی خودی پاسه‌وانه‌كان؟"ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌ ده‌قه‌كانی شاعیری كۆنی رۆمانی جوفیناڵ (سه‌ده‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می زایینی) كه‌ ناوبراو له‌ ده‌قه‌ شیعرییه‌ ته‌نزئامێزه‌كانی ئه‌و كاتیدا به‌كاریهێناوه‌ و رێك له‌ سه‌رده‌می ئێستادا ئه‌و پرسیاره‌ گه‌ڕانی ده‌وێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامێكی دروست. بۆ نموونه‌، ئه‌گه‌ر میدیای سه‌ربه‌خۆ و گوتاری ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌ر فه‌زایه‌كی دیموكراسیدا یه‌كێك بن له‌ پایه‌كانی سیستمه‌ دیموكراسیه‌كه‌ و پاسه‌وانی پاراستنی پره‌نیسیپه‌كانی بن، ئه‌وا ئه‌و پرسیاره‌یش دێته‌پێشه‌وه‌: كێ پاسه‌وانی پاسه‌وان بێت كه‌ له‌كۆتاییدا نه‌بنه‌ گورگه‌ راسته‌قینه‌كه‌؟ نه‌بنه‌ هۆكارێك بۆ تێكدانی دیموكراسی؟

بۆ تێگه‌یشتن له‌ گومانكردن له‌ پاسه‌وانی پاسه‌وانه‌كان، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ فه‌زیحه‌ی میدیای بریتانیا له‌ ساڵی 2011 كه‌ له‌و ساڵه‌دا به‌هۆی ئاشكرابوونی سكانداڵی هاككردنی په‌یوه‌ندییه‌ شه‌خسییه‌كانی كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی و به‌كارهێنانه‌وه‌ی وه‌ك سه‌رچاوه‌ی زانیاریی، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی دوای 168 ساڵ كاركردن و ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی زه‌ نیوس ئۆف زه‌ وۆڵد (The News of the world)، رۆژنامه‌كه‌ دابخرێت له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی بریتانیا دێڤد كامیرۆن لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی لۆردی دادپه‌روه‌ر لایڤسۆن دابمه‌زرێنێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تێوه‌گلانی پۆلیس و میدیا له‌و سكانداڵ و فه‌زیحه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌!.

پوخت و كورتبێژییه‌كه‌ی لۆردی دادپه‌روه‌ر لایڤسۆن زۆر كاریگه‌ر بوو له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر لاوازبوونی میدیای سه‌ربه‌خۆ و ئه‌و وایگوت:"میدیا یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی سیستمی چێك و باڵانسی وڵات و چاودێری پاراستنه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییه‌". "بۆیه‌ له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ هه‌ر تێكچوون و فه‌شه‌لێكی ناو میدیا و میدیا خۆی كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر ئێمه‌ هه‌موان پێكه‌وه‌ به‌بێ به‌ده‌ركردن".

ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌و بارودۆخه‌ سیاسییه‌ ناجێگیره‌ی كه‌ له‌ دوای ریفراندۆم و تێكچوونی شه‌قامی عێراقی و په‌رته‌وازه‌بوونی ئۆپۆزسیۆن به‌ هه‌مان سكانداڵی 2011ی میدیای بریتانی تێده‌په‌رێت، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كه‌یسی میدیاكه‌ی بریتانیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هی ئه‌وان كه‌یسێك بوو میدیای پێشێلكار و قوربانییه‌كان دیاریكراوبوون و ئه‌وه‌ی كوردستان به‌شاراوه‌یی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌پارێزه‌ری دیموكراسی داده‌نا خه‌ریكه‌ ده‌كه‌ونه‌ هه‌مان هه‌ڵه‌وه‌ و پێشێلى بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی دیموكراسییه‌ت ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ی جێی خه‌م و نیگه‌رانییه‌ ئه‌وه‌یه‌ ببینیت ئه‌و هێز و كاریگه‌رییه‌ی میدیا سه‌ربه‌خۆ و قه‌ڵه‌مه‌ ئازادیخوازه‌كان ببینیت كه‌ له‌جیاتی شه‌ڕی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریی بكه‌ن، ئه‌وا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نێك یاخود له‌ژێر پاساوی به‌رگریكردن له‌لایه‌نێك پێشێلی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و سیستمه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ خه‌ون به‌هێنانه‌دییه‌وه‌ ئه‌بینن!

هه‌روه‌ك لۆرد لایڤسۆن گوته‌نی "كه‌وتنی میدیای سه‌ربه‌خۆ، كه‌وتنی ئێمه‌یشه‌". بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌بێت له‌و قۆناغه‌ له‌خۆمان بپرسین، ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ خۆی به‌ پاسه‌وانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریی داده‌نێت، ئه‌وا ره‌وایه‌ به‌و بیانووه‌وه‌ پێشێلی بنه‌ماكانی ببین؟.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure